کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران پلان بۆ ئاوی گۆلی وان دادەنێت

11:36 - 26 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی داگیرکەری ئیسلامیی ئێران، بە کاولکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان واز ناهێنێت و پلان بۆ ئاوی گۆلی وان لە باکووری کوردستاندا دادەنێت.

ڕێژیمی داگیرکەری ئیسلامیی ئێران، سەرەڕای ئەوەی کە چل ساڵە بە پیلان، پلان و بەرنامەی قیزەونە جۆراوجۆرەکانی ژینگە، سروشت، شوێنە گەشتیارییەکان و سەرجەم سەرچاوە مێژووییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاول دەکات و بە تاڵانیان دەبات، بەوەش واز ناهێنێت و لە پیلانێکی داڕێژاودا پلان و بەرنامەش بۆ ئاوی گۆلی وان، لە پارێزگای وانی باکووری کوردستاندا دادەنێت و بەم بۆنەشەوە داواکارییەکی ڕادەستی حکوومەتی داگیرکەری تورکیە کردووە.

لەم پەیوەندییەدا، وێڕای ئەوەی کە، پاش بارانبارینەکانی کۆتاییەکانی مانگی ڕەشەمەی ساڵی ۹۷ و سەرەتاکانی نەورۆزی ساڵی ۹۸ی هەتاوی و هاتنی لافاوە زیانبارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچەکانی تری ئێران، ڕێژیم دڵخۆش بوو کە گۆڵی ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژیاوەتەوە، جارێکی تر ڕایانگەیاندووە کە گۆلی ورمێ خەریکە وشک دەبێت و بەم هۆکارەشەوە داوایان لە دەسەڵاتی تورکیە کردووە کە ئاوی گۆڵی وان، بگوازنەوە بۆ گۆلی ورمێ.

لەم بارەیەوە، بەرپرسی ڕێکخراوی ژینگەپارێزیی ڕێژیمی ئێران، ڕایگەیاندووە: "بە هۆکاری ئەوەی کە هەڕەشەی وشکبوون لەسەر گۆلی ورمێیە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەگەڵ باڵۆێزی تورکیە لە تاران چاوپێکەوتنێکمان هەبووە و لەو دیدارەدا، داوامان لە حکوومەتی تورکیە کردووە کە ئاوی زیادەی گۆلی وان، بگوازینەوە بۆ گۆلی ورمێ."

ناوبراو بە هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی ڕاگەیاندووە کە وشکبوونی گۆلی ورمێ، هەڕەشەیەکی جیددی و مەترسیدارە لەسەر ناوچەکە و دەبێت زۆر بە جیددی هەوڵ بۆ پێشگرتن بە وشکبوونی ئەو گۆلە بدەین.

وێڕای چەواشە جۆراوجۆرەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی سەرەڕۆی ئێران لەسەر گۆلی ورمێ، ئەو داواکارییەی ڕێژیمی ئێران لە تورکیە، چەواشەکانی پێشووتری بەرپرسانی تاران لەسەر ژیانەوەی گۆلی ورمێ بە درۆ دەخاتەوە.

بەڵام ئەگەری زۆری هەیە کە تورکیە و ئێران، لەسەر گواستنەوەی ئاوی ناوچەکانی کوردستان، بۆ ناوچەکانی ناوەندی ژێر دەسەڵاتی خۆیان، پیلانێکی نوێیان داڕشتبێت و خەریکی جێبەجێکردنی بن، چونکە هیچ جۆرە پیلانێک لە داگیرکەرانی کوردستان دوور لە چاوەڕوانی نییە، هەر وەکوو چون هەتاکوو ئێستا لە هیچ تاڵان و کاولکارییەک لەسەر کوردستان سڵیان نەکردووە.