کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران پلەیەکی نوێی لە گەندەڵیی ماڵی و ئیداریدا تۆمار کرد

11:04 - 10 رێبەندان 2720

ڕێژیمی ئێران لە پلەبەندیی گەندەڵیی ماڵی و ئیداریدا ٣ پلەی دیکە دابەزیوە و لە پلەی ١٤٦ـەوە گەیشتووەتە ١٤٩.

لە نوێترین ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی "ڕوونکاریی نێونەتەوەییـ"ـدا ڕێژیمی ئێران بە ٢٥خاڵەوە لە پلەی ١٤٩ لەنێوان ١٧٩ وڵاتی جیهاندا جێی گرتووە.

لەو ڕاپۆرتەدا کە ڕۆژی پێنجشەممە بڵاو بووەتەوە ڕێژیمی ئێران لە بواری ڕوونکاریی ماڵی لە ساڵی ڕابردووی زایینیدا، ٣ پلە دابەزیوە.

ئەو ڕاپۆرتە ساڵانەیەی ڕێکخراوی ڕوونکاریی نێونەتەوەیی پاش لێکدانەوەی دۆخی ناوەندە دێموکراتیکەکان و پێوەرەکانی گەندەڵی لە وڵاتانی جیهاندا بڵاو کراوەتەوە.

ڕێژیمی ئێران پێشتریش لە ساڵی ٢٠١٩ی زایینیدا بە دابەزینی ٨ پلەیی لە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشتریدا، لەنێوان ١٨٠ وڵاتی جیهاندا بۆ پلەی ١٤٦ لە خشتەی ڕوونکاریی نێونەتەوەییدا دابەزی.

"ڤێنێزۆئێلا، کۆرەی باکوور، یەمەن، لیبی، سووریە، عێراق و ئەفغانستان" ئەو وڵاتانەن کە لەو ڕاپۆرتەی ئەمساڵی ڕێکخراوی "ڕوونکاریی نێونەتەوەییـ"ـدا پلەیان لە ئێران کەمترە.

"ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی" لەو خشتەیەدا لە پلەی ٢١ و چوار پلە سەرووتر لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکایە و پلەی عەرەبستان ٥٢ و پلەی بەحرەین ٧٨ـە.