کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران پڕۆپاگەندا بە مورەخەسیی نەورۆزیی دەکات

18:20 - 26 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە بەرەبەری نەورۆزدا بڕیاری داوە کە مورەخەسیی بە زیندانیان بدات، بەڵام ئەو بڕیارە پڕۆپاگەندایەکی دیکەی ئەو ڕێژیمەیە.

دەزگای قەزایی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە بەخشنامەیەکدا بە بۆنەی نەورۆزی ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی، سەرجەم دادگا و دادسەراکانی خۆی ئاگادار کردووەتەوە کە مورەخەسیی نەورۆزی به زیندانیان بدرێت.

بەپێی ئەو بەخشنامەیە هەر زیندانییەک کە مافی مورەخەسیی پێ بدرێت، هەتا ١٥ ڕۆژ دەتوانێت لە ماڵ بێت.

"ئیبراهیم ڕەئیسی" یەکێک لە ئەندامانی هەیئەتی مەرگ کە ماوەیەکە لە لایەن "عەلی خامنەیی" ڕێبەری ڕێژیمەوە وەک سەرۆکی دەزگای قەزایی دیاری کراوە ئەو بەخشنامەیەی ڕادەستی سەرجەم بەناو بنکەکانی دادەوەری کردووە کە تەنیا پڕۆپاگەندای ڕێژیمە.

لەو بەخشنامەیەدا هاتووە، ئەو کەسانەی کە بە زیندانی هەتاهەتایی مەحکووم کراون بە مەرجێک ٥ ساڵ لە ماوەی زیندانییەکی تێپەڕاندبێت؛ ئەو زیندانیانەی کە بە ١٠ ساڵ زیندان مەحکووم کراون و یەک ساڵ ماوەی زیندانییەکی تێپەڕاندبێت و بە ڕێز ئەو زیندانییانەی کە بە ٥ هەتا ١٠ ساڵ، زیاتر لە یەک ساڵ هەتا ٥  و کەمتر لە ٥ ساڵ مورەخەسییان پێدەدرێت.

ئەو بڕیارەی ڕێژیم لە پڕۆپاگەندایەک زیاتر نییە و چەواشەکاری دەکات.

لەو پێوەندییەدا، "والی دروودی" زیندانیی سیاسیی کورد لە لایەن کاربەدەستانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری یەزد مورەخەسیی نەورۆزیی پێنەدراوە.

هەروەها "عوسمان مستەفاپوور" یەکێک لە دێرینەترین زیندانیانی سیاسیی کورد سەرەڕای ئەوەیکە ماوەی زیندانییەکی تەواو کردووە، ئەگەرچی ئازاد ناکرێت، بەڵکوو مافی مورەخەسیشی پێنادرێت.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران لە بۆنە جیاوازەکانی خۆیاندا بڕیارگەلی لەم چەشنە دەدەن بەڵام بەڕێوەی نابەن.