کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران پیلانێکی دیکەی لە کوردستان گرتووەتە بەر

12:00 - 13 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە پیلانێکی نوێدا هەوڵی ئەوە دەدەن کە دێمۆگرافیی کوردستان بگۆڕن.

بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دەزگا و ناوەندەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە پیلانێکی نوێدا بۆ داگیرکردنی کوردستان و گۆڕینی دێمۆگرافییەکەی، لە شارە فارس‌ و تورکنشینەکان خەڵک بۆ شارەکانی کوردستان دەگوازنەوە و لە شوێنە گرینگ و سەرەکییەکاندا جێگیریان دەکات.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە کە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە، ڕێژیمی ئێران بۆ جێگرکردنی ئەو خەڵکەی کە لە کوردستاندا جێگریان دەکات، وامی درێژماوەیان پێ دەدات و هەروەها بە نرخێکی هەرزان زوەی و زاریان پێ دەفرۆشێت.

سەبارەت بە گۆڕینی دێمۆگرافیی شار و گوندەکان بە درێژایی ئەم چەند ساڵە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ھەوڵی داوە چەنیەتی و چۆنیەتی دانیشتووانی شارەکانی کوردستان بەتایبەت شارە ھاوسنووری ئازەرییەکان ڕاستەوخۆ تێک بدات.

لە بواری فەرهەنگیشەوە، ئەو ڕێژیمە هەوڵی لەنێوبردنی زاراوە کوردییەکان، ئەدەبیات و کەلەپووری ناوچەکە و فارساندنی دەدات.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کوردستانی ڕۆژھەڵات، لە سەرەتای دەسەڵاتەوە دەیان و سەدان پلان و پیلانی بۆ مانەوەی خۆی و داگیرکردنی کوردستان داڕشتووە. ئاگرتێبەردانی چیاکانی کوردستان (شاهۆ، ئاویەر) و سووتاندنی دارستان و لێڕەوارەکانی کوردستان بەشێکی دیکەی سیاسەتی دزێوی ئەم ڕێژیمە داگیرکەرەیە کە دەیەوێت ھەر جۆرێک بێت خۆی بەسەر کوردستاندا بسەپێنێت.