کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران پێداویستییەکانی خەڵکی لوبنان بەبێ پێویستی بە دۆلار دابین دەکات

12:36 - 31 جۆزەردان 2720

سەرکردەی ڕێکخراوی تێرۆریستیی حیزبوڵڵای لوبنان بەڵینیی بە خەڵکی لوبنان داوە کە ڕێژیمی ئێران پێداویستییەکانیان بەبێ پێویستی بە دۆلار دابین دەکات.

"حەسەن نەسروڵڵا" سەرکردەی گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵای لوبنان لە دوایین قسەکانی خۆیدا بەڵێنیی دابینبوونی پێداویستییەکانی خەڵکی لوبنانی لەلایەن ئێرانەوە بەبێ پێویستی بە دۆلار داوە کە کاردانەوەی خەڵکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێکەوتووەتەوە.

ئەو قسانەی "نەسروڵڵا" لە کاتێکدایە کە نزیک بە چەند حەوتوویە کە دۆخی لوبنان زۆر قەیراناوییە و خەڵکی ئەو وڵاتە لە خۆپیشاندانەکانیاندا، داوای هەڵپێچانی جبەخانەکانی حیزبوڵڵا و پچڕاندنی چالاکییە تێرۆریستییەکانیان دەکەن تا ئابووریی لوبنان سەقامگیر ببێتەوە.

بەڵێندانەکانی حیزبوڵڵا بە خەڵکی لوبنان لە حاڵێکدایە کە خەڵکی ئێران تووشی قەیرانە دروستکراوەکانی دەستی ڕێژیمی ئێرانن و ئەو ڕێژیمە لەجیات پێڕاگەیشتن بە خەڵکی وڵاتەکەی، بەردەوام خەریکی پشتیوانیکردنی حیزبوڵڵایە لە لوبنان کە لە پێناو ئامانجەکانی ڕێژیمی ئێراندا چالاکی دەکات.

ئەو ڕاستییەی کە "حیزبوڵڵای لوبنان" وەکوو گرووپێکی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا چالاکی دەکات و خەریکی کردەوەی تێرۆریستییە، بووەتە هۆکار کە نەتەنیا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، بەڵکوو زۆربەی وڵاتانی ئورووپاییش ئەو گرووپە بخەنە لیستی گرووپە تێرۆریستییەکانەوە و گەمارۆی لەسەر دابنێن.

ئەو گەمارۆگەلە بووەتە هۆی زەرەر و زیانێکی زۆریش لە سیستەمی ئاڵووێری بانکیی لوبنان و لە ڕاستیدا ئابووریی ئەو وڵاتەی تووشی کێشە کردووە.

ڕێژیمی ئێران لە ماوەی تەمەنی دەسەڵاتی بەسەر خەڵکی ئێراندا، بەردەوام لە زاری خەڵکی وڵاتەکەی خۆی گێڕاوەتەوە و گرووپە تێرۆریستییە چەکدارەکانی لە نێوخۆ و دەرەوەی سنوورەکانیدا لە پێناو بەرەوپێشچوونی ئامانجەکانیدا پێی تێر کردووە.