کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران پێش بە یارمەتییەکانی باشووری کوردستان دەگرێت

12:26 - 22 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، نە تەنیا یارمەتی خەڵکی لافاولێدراو نادەن، پێش بە یارمەتییەکانیش دەگرن.

لە گومرۆکی پەرویزخانی کرماشان، ‌کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئیران، پێشیان بە یارمەتییەکانی خەڵکی کوردستانی باشوور گرتووە و نەیانهێشتووە ئەو یارمەتیانە بە دەستی خەڵكی لافاولێدراو بگات.

هاوکات بەپێی زانیارییەکان، کۆنسولگەریی ڕێژیمی ئێران لە شاری سلێمانی، بەربەستی بۆ چالاکانی مەدەنی دروست کردووە، هەتا نەتوانن یارمەتی کۆ بکەنەوە.

چالاکانی مەدەنیی کوردستان باشوور ڕایانگەیاندوه، ئەو کارەی حکوومەتی ئێران لە کاتێکدایە، کە خەڵک پێویستی بە یارمەتییە و دەبا بە دڵفراوانییەوە لە خەڵکی وەرگرتبا.

ڕێکەوتی ٢٠ی خاکەلێوە، کەمپەینێک بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی بە خەڵکی لافاولێدراو لە لایەن بەڕێوەبەریی فەرهەنگیی سلێمانی و ناوەندی هاوکاریی لوڕ دامەزرا و دەستی به کۆ کردنەوەی یارمەتی کرد.

دوای هاتنی لاوفا، لە شارەکانی کوردستان و ئێراندا، خەڵک بە شێوەی خۆڕسک یارمەتی بۆ لێقەوماوان کۆ دەکەنەوە، کە هۆشداری و هەڕەشەی بە دواوە بووە.

هاوکات بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بیانووی ئەوەیان هێناوەتەوە کە گەمارۆوە ئابوورییەکانی ئامریکا بووەتەوە هۆی ئەوەی کە ئێمە نەتوانین بە هانای خەڵکەوە بڕۆین.

دوای ئەوە ئیدعایەی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، خاچی سووری جیهانی و ئامریکا ئەو ئیدعایەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئیرانیان بە درۆ خستەوە.

هەتا ئێستا زۆربەی خەڵکی لافاولێدراوی کوردستان و ئێران، تەنانەت کەمترین پێداویستیشیان بۆ دابین نەکراوە و کاربەدەستانی ڕێژیمیش تەنیا کارێک کە دەیکەن سەردانی شوێنە لافاولێدراوەکان و خۆنواندنە.