کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران پێشنیاری دانووستاندنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئامریکای ڕەت کردووەتەوە

12:01 - 11 رەشەمه 2720

ڕۆژنامەی "وال ئستریت ژۆرناڵ" لە زاری دوو بەرپرسی ئاگادارەوە بڵاوی کردووەتەوە کە ڕێژیمی ئێران پێشنیاری ئامریکا و یەکیەتیی ئورووپای بۆ دانووستاندنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لەسەر بابەتی بەرجام لە ڕۆژانی داهاتوودا ڕەت کردووەتەوە.

ئەو دوو بەرپرسە ڕایانگەیاندووە کە ڕەتکردنەوەی پێشنیاری دانووستاندنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لەلایەن ئێرانەوە مەترسیی زۆربوونەوەی ناکۆکییەکانی بەدواوە دەبێت.

هەر لەو پەیوەندییەدا ڕۆژنامەی "نیۆیۆرک تایمز" لەم دواییانەدا لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردبووەوە کە دەوڵەتی "جۆ بایدێن" سەرکۆماری ئامریکا، ئامادەیی دەربڕیوە کە لە دانیشتنی داهاتووی ئێران و ئەندامانی دیکەی بەردەوام لە ڕێککەوتنی بەرجام ئامادە بێت؛ ئەم بڕیارە پێشوازیی یەکیەتیی ئورووپای بەدواوە بوو.

بەو حاڵەوە، هەندێک لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران وەکوو "سەعید خەتیبزادە" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی کە ئامریکا لە بەرجام چووەتە دەرەوە و ناتوانێت بەشداری لە دانووستاندنەکاندا بکات.

ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە کە پێش هەر دانووستاندنێک دەبێ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا گەمارۆکان لەسەر ئەو وڵاتە هەڵگرێتەوە.