کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران پێشی بە بەڕێوەچوونی کۆنسێرتێکی عەدنان کەریم لە کوردستان گرت

14:26 - 5 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: بەڕێوەبەرایەتی ئەماکنی ڕێژیمی ئێران لە شاری بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێشی بە بەڕێوەچوونی کۆنسێرتێکی عەدنان کەریم لەو شارە گرت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا"، لە درێژەی کۆنسێرتەکانی عەدنان کەریم لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کۆنسێرتی ڕۆژی هەینی ئەو هونەرمەندە لە شاری بۆکان، لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی ئەماکنی ڕێژیمی ئێران لەو شارە، هەڵوەشاوەتەوە.

عەدنان کەریم، گۆرانیبێژی ناسراوی کورد خەلکی شاری سلێمانیی باشووری کوردستان لە ماوەی زیاتر لە ۱۰ ساڵی ڕابروودا، بۆ بەڕێوەبردنی کۆنسێرتی گۆرانییەکانی خۆی سەردانی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی کردووە و چەندین جاریش لە سەر داواکاریی ناوەندە هونەرییەکانی ڕێژیمی ئێران لە کوردستان و ئێران، لەو وڵاتە کۆنسێرتی بەڕێوە بردووە.

عەدنان کەریم، لە نێوەڕاستی مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵیشدا، بۆ بەڕێوەبردنی زەنجیرە کۆنسێرتێکی خۆی بە هاوکاری چەند گرووپێکی هونەری و مووزیسییەن لە ڕۆژهەڵات، سەردانی شارەکانی ڕۆژهەڵات بەتایبەت شارەکانی موکریانی کوردستانی کردووە.

ناوبراو، لە ڕۆژی پێنجشەممە ۲۲ی خاکەلێوە، لە شاری مەهاباد بە هاوکاری چەند کەس لە ژەنیاران و مۆزیسییەکانی ئەو شارە کۆنسێرتێکی بەڕێوە برد؛ بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان پاش ئەو کۆنسێرتە لە لایەن ناوەند و دامودەزگاکانی حکوومەتیی ڕێژیمی ئێرانەوە لە شاری مەهاباد، وەکوو خەڵات مافی شارۆمەندی ئەو شارە و هاووڵاتیبوونی ئێرانیان پێ بەخشی.

عەدنان کەریم، لە ڕۆژانی ڕابردوودا بۆ سازکردنی کۆنسێرتێک سەردانی شاری بۆکان لە ڕۆژهەڵات دەکات و پاش ڕێکلامێکی چەند ڕۆژە و فرۆشتنی بلیتەکانی بەڕێوەچوونی ئەو کۆنسێرتە بۆ ڕۆژی هەینی ۶ی خاکەلێوە، ناوەندە حکوومەتییەکانی ڕێژیم و بەتایبەت بەڕێوەبەرایەتی ئەماکنی ڕێژیم لەو شارە، ئەو کۆنسێرتەیان هەڵوەشاندووەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەیەوە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای ڕاگەیاند، پاش ڕێکلامێکی چەندین ڕۆژە و فرۆشتنی بلیتەکانی ئەو کۆنسێرتەی عەدنان کەریم بۆ ڕۆژی هەینی لە شاری بۆکان، بەڕێوەبەرایەتی ئەماکنی بۆکان ئەو کۆنسێرتەی هەڵوەشاندووەتەوە و بەخەڵکیان ڕاگەیاندووە کە بچن پارەی بلیتە کڕدراوەکانیان وەربگرنەوە.