کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران پەرەپێدەری نەخۆشییە دەروونییەکانە

14:26 - 15 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: سەرکوتە سیستماتیکەکانی ڕێژیم، هۆکاری سەرەکیی ٣٠ لەسەدی نەخۆشییە دەروونییەکان لە ئێراندان.

بەپێی ئاماری بڵاوکراوە، لە وەزارەتی "ساغڵەمەنـ"ـیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، نزیک بە ٢١ میلیۆن کەس واتا ٣٠ لەسەدی حەشیمەتی دانیشتووی ئەو وڵاتە تووشی نەخۆشییە دەروونییەکانن و وتەبێژی ئەو وەزارەتە باسی لەوە کردووە، کە لە هەر ٤ کەس لە ئێراندا یەک کەس تووشی نەخۆشییە دەروونییەکانە.

هەر لەو ئامارەدا، ڕێژەی ٢٣.٤ لەسەدی دانیشتووانی ئێران تووشی نەخۆشیی دەروونی بوونە، کە لەو ڕێژەیە، ٢٧.٦ لەسەدی ژنان و ١٩.٤ لەسەدی پیاوانن، کە ئەم ئامارە ئەوە دەردەخات، کە ژنان لە ئێراندا زیاتر لە پیاوان تووشی کێشەی دەروونی دەبن.

"دوکتور ئیرەج خوسرۆنیا" سەرۆکی کۆمەڵگەی پسپۆڕانی نێوخۆیی ئێران، باسی لە کێشەی جیدیی کەمبوونی نەخۆشخانەکان لە ئێراندا کردووە و وتوویەتی: "کاتێک ٣٠ لەسەدی حەشیمەتی ئێران تووشی کێشەی دەرونین، دەبێت ٣٠ لەسەدی نەخۆشخانەکانیش، بۆ چارەسەریی نەخۆشییە دەروونییەکان تەرخان بکرێن".

هەندێک لە دەروونناسان لەو بارەوە دەڵێن: "فەزای کۆمەڵگا" و کاریگەرییەکانی لەسەر تاکەکان، یەکێک لە هۆکارەکانی بەدیهاتنی ئەو کێشانەن، کە قەیرانە ئابوورییەکان، بارودۆخی کولتووری، بژێوی ژیان، ململانێیە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، لەو هۆکارانەن کە دەروونی مرۆڤەکان  تێک دەدەن.

لە لایەکی دیکەشەوە، شارەزایانی ئەم بوارە، هۆکاری بەرفراوانیی کێشە دەروونییەکان لە ئێراندا، بۆ "سەرکوتی بەربڵاو و سیستماتیکی ڕێژیم" دەگێڕنەوە و باس لەوە دەکەن: "بەتاک تاوتوێکردنی زیاندیتووان،  بەتەنیا ناتوانێت دەرخەری لێکەوتەکانی زیاندیتووانی تاک و کۆمەڵگا بێت، کە سەرکوت و پێوەندیگەلێکی نامرۆڤانە بەو هۆیەوە قەبووڵ دەکەن".

هەروەها هەندێک لە دەروونناسان باس لەوە دەکەن، کە بەردەوامیی دڕندەیی و بێدەنگبوونی ڕێژیم بەسەر کۆمەڵگادا دەیسەپێنێت، هەستی گۆشەگیری لە نێو خەڵکدا چڕتر دەکاتەوە و ئەوان مەحکووم بە بێهیواییەکی بەردەوام دەکات.

لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا، بە هۆی زەبروزەنگ و گوشارەکانی ڕێژیمی تۆتالیتێری ئێران کە بە سیاسەتێکی داگیرکەرانە و ئاسمیلاسیۆنییەوە دەستی بەسەر کوردستاندا گرتووە، بە هۆی وەزاڵەهاتنی خەڵک لەو سیاسەتە سیستماتیکانە و ژێردەستەیی و گوشارە هەمەلایەنەکان، ڕۆژانە شایەتی خۆکوژیی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان دەبین.