کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران چالاکی و تاقیکارییە مووشەکییەکانی خۆی پەرە پێداوە

17:45 - 18 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵی ۲۰۱۸ی زایینیدا چالاکی و تاقیکارییە مووشەکییەکانی خۆی پەرە پێداوە کە ئەم مەسەلە نیگەرانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی لێکەوتۆتەوە.

ڕۆژنامەی "ڤۆڵت ئام زونتاگ"ـی ئاڵمان لە ڕاپۆرتێکی تایبەت بە پەرەپێدانی چالاکی و تاقیکارییە مووشەکییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ۲۰۱۸ی زایینی، ئاماژەی بەوە داوە کە ڕێژیمی ئێران لە ماوەی کەمتر لە یەک ساڵدا زیاتر لە دە جار تاقیکاریی مووشەکیی ئەنجام داوە و ئەم چالاکییانەی ڕێژیمی ئێرانی بە پێشێل کردنی ڕێککەوتننامەی ناوکی، هەژمار کردووە.

لە بەشێکی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: بەپێی زانیارییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ۲۰۱۸ی زایینیدا بە ئاشکرا پەرەی داوە بە چالاکییە مووشەکییەکانی خۆی و ئەمەش نیگەرانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی لێکەوتووەتەوە؛ ڕایشیگەیاند: "تاقیکاریی مووشەکیی و درووست کردنی مووشەکی نێوەنجبڕ لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە پێشێل کردنی ڕێککەوتننامەی ناوکیی هەژمار دەکرێت".

ماڵپەڕی هەواڵدەریی "دوێچە وێڵە"ـی ئاڵمان لەمبارەیەوە ئاشکرای کرد کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران مووشەکگەلێکی تاقی کردووەتەوە کە تەنانەت دەتوانن چەند ناوچەیەکی یەکیەتیی ئەورووپا بکەنە ئامانج، بەپێی ئەو زانیارییانەی کە سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانی وڵاتانی ڕۆژاوایی ئاشکرایان کردووە، ڕێژیمی ئێران لە ساڵی ۲۰۱۸ی زایینیدا حەوت جار مووشەکی نێونجبڕ و پێنج جار مووشەکی کورتمەودا و هەروەها مووشەکە کرووزەکانی خۆی تاقی کردوونەتەوە.

هەر لەمبارەیەوە ماڵپەڕی "هەواڵدەریی ئاڵمان"ـیش وێڕای بڵاو کردنەوە ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی "ڤۆڵت ئام زونتاگ" ڕایگەیاند، چالاکییە مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئێران نیگەرانی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی لێ دەکەوێتەوە، بەتایبەتی تاقیکاریی مووشەکە کورتمەوداکانی ڕێژیم کە دەبێتە هۆکاری نیگەرانی و دڵەڕاوکێی وڵاتانی ناوچەکە و بە ئاسانی دەتوانن وڵاتانی ئیسراییل و عەرەبستانی سعوودی بکەنە ئامانج.