کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران چالاکییە ناوکییەکانی خۆی دەست پێدەکاتەوە

18:04 - 16 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسێکی نزیک بە لیژنەی چاوەدێری لەسەر بەرجام ڕایگەیان، بەشێک لە چالاکییە ناوکییەکانی ڕێژیم کە لە چوارچێوەی بەرجامدا ڕاگیرابوو، لە وڵامی چوونە دەرەوەی ئامریکا لە بەرجامدا، دەست پێدەکاتەوە.

هەواڵدەریی دەنگوڕەنگی ڕێژیمی ئێران لە زاری بەرپرسێکی ئەو ڕێژیمە بڵاوی کردووەتەوە: "ڕێژیمی ئێران لە وڵامی چوونە دەرەوەی ئامریکا لە بەرجام و بەدقەولیی وڵاتانی ئورووپایی لە جێبەجێ‌کردنی بەڵێنییەکانیان، لە یەکەمین هەنگاودا، بەشێک لە چالاکییە ناوکییەکان کە لە چوارچێوەی بەرجامدا ڕاگیرابوو، دەست پێدەکاتەوە".

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم وتوویەتی: "بەرنامە پێشبینیکراوەکانی ڕێژیم لە چوارچێوەی بەندەکانی ٢٦ و ٣٦ی بەرجامدا دەبێت و جارێک بابەتی چوونە دەرەوە لە بەرجام لە ئارادا نییە، بەڵام کەمبوونەوەی ورد و گشتیی هەندێک لە بەڵێنییەکان لە گۆڕێ دایە".

ناوبراو وتی سەرکۆماری ڕێژیم لە ماوەی ڕۆژانی داهاتوودا و لە وتووێژی ڕاستەوخۆدا لەگەڵ ڕادیۆ و میدیاکاندا، بەرنامەکانی ڕێژیم بۆ کاردانەوەی بەرامبەر لە چوونە دەرەوەی ئامریکا لە بەرجام، ڕادەگەیەنێت.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٨ی بانەمەڕ بەرابەر لەگەڵ ٨ی مەی، ساڵڕۆژی چوونە دەرەوەی ئامریکا لە بەرجامه.

هەروەها وێڕای بوونی گوشارێکی قورسی ئابووری لەسەر ئێران، ڕێژیم دەیهەوێت چالاکییە ناوکییەکانی خۆی دەست پێ بکاتەوە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە گرینگترین هۆکاری ئەم گەمارۆیانەی ئێستا لەسەر ئێران، چالاکییە ناوکییەکانی ڕێژیم و سپای تێرۆریستی پاسدارانە.

لە کاتێکدا کە خەڵکی ئێران لەژێر گوشاری قورسی ئابوورین و بێکاری و هەژاریی لەڕادەبەدەر هەموو وڵاتی تەنیوە، ڕێژیم لە بیری چالاکییە ناوکییەکان، دروستکردنی مووشەک و کردەوە تێرۆریستییەکانی خۆیەتی.

 ڕێژیم لە دەمی خەڵکی برسیی ئێران دەگرێتەوە و بۆ تێرۆریستانی ناوچەکە بەڕێی دەکات و ڕۆڵی سەرەکی لە نائەمنکردنی ناوچەکەدا دەگێڕێت.