کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران، چەندهاوسەری پەرە پێدەدات

10:15 - 13 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: بڵاوبوونەوەی پۆستێرێکی تەبلیغاتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا سەبارەت بە فێرکاریی چەندهاوسەری، کاردانەوەیەکەی زۆری بەدواوە بووە و زۆر کەس لەسەر ئەو بڕوایەن کە ڕێژیم دەیەوێت پەرە بەم دیاردەیە بدات.

ڕۆژی یەکشەممە، ١٢ی خەزەڵوەر، پۆستێرێکی تەبلیغاتی بە ناوەڕۆکی مەهارەتەکانی پێوەندی بۆ ئەو بنەماڵانەی کە چەندهاوسەرین، لە لایەن دامەزراوەیەک بە ناوی "وەتەنێ تەوحیدی، حەیاتێ حۆسنا" (وطن توحیدی حیات حسنی)، کاردانەوەیەکی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەدوای خۆیدا هێنا.

لە پۆستێرەکەدا وێنەی پیاوێکی بەسیجی دانراوە و چەند ژنیش بە حیجابی ئیسلامییەوە لە دەوروبەریدان. ئەم پۆستێرە لێکدانەوەگەلی جیاوازی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەدواوە بووە، وەک ئەوەی کە دیاردەی چەندهاوسەری تەنیا لەنێو توێژێکی تایبەتی کۆمەڵگادا و بە پاساوگەلێکی دیاریکراوەوە ئەنجام دەدرێت.

"ئاخوند محەممەد عەسگەری"، بەرپرسی ئەم دامەزراوەیە، سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی ئەم پۆستێرە وتوویەتی: "بەڕێوەبردنی ئەم جۆرە کارگایانە بە ئامانجی گەیاندنی زانیاری و پڕوپاگەندە بۆ مەهارەتەکانی پێوەندیگرتن لەو بنەماڵانەدایە کە چەندهاوسەرین و بە خۆڕاییش بەڕێوە دەچن".

ناوبراو لە درێژەدا باسی لەوە کردووە کە زۆر کەس بە دژی ئەو کارە وەستاونەتەوە، بەڵام ئەرکی ئێمە ئەوەیە کە ئەم جۆرە کارگایانە بەڕێوە ببەین تاکوو خێزانە چەندهاوسەرییەکان، ئەرک و مافی خۆیان بەرانبەر بە یەکتر بزانن.

"ئاخوند عەسگەری"  لە چەواشەکارییەکی ئاشکرادا و لە وڵامی پرسیاری ڕۆژنامەی "ئێرانـ"ـدا کە ئایا ئەم کارە پەرە بە چەندهاوسەری دەدات وتوویەتی: "تەنیا مەبەستمان پڕوپاگەندە بۆ ئەو کارە نییە، ئێستاکە زیاتر لە ١٠٠ هەزار خێزانی چەندهاوسەری لە ئێراندا بوونیان هەیە کە بەهۆی نەبوونی ئەم زانیارییانە نێوانیان باش نییە".

قسەکانی ئەم ئاخوندەی سەر بە ڕێژیم سەبارەت بە ئەم کارگایانە لە حاڵێکدایە کە خودی دیاردەی چەندهاوسەری و بەتایبەت "سیغەکردن" لە سەرەکیترین هۆکارەکانی تێکچوونی شیرازەی بنەماڵەکانە و بڵاوکردنەوەی پۆستێرێکی لەو چەشنە، نموونەی حاشاهەڵنەگری پەرەدان بە دیاردەی جیابوونەوە لە کۆمەڵگای ئێراندایە.