کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران چەک بە میلیشیاکانی لیبی دەدات

12:21 - 11 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران چەک و کەرەستەی شەڕ بە گرووپە میلیشیاکانی لیبی دەدات و پاڵپشتی ئاژاوەگێڕانە لەو گرووپانە دەکات.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە درێژە سیاسەتە ئاژاوەگێڕانەکانی خۆی و پاڵپشتیکردن لە گرووپە تێرۆریستییەکانی ناوچەکە و جیهان، جیا لەوەی کە پاڵپشتی دارایی و سەربازیی لە میلیشیا چەکدارە تێرۆریستییەکانی خۆی لە ڕۆژهەڵات نێوەڕاستدا دەکات، چەک و کەرەستەی شەڕکەریش ڕەوانەی گرووپە تێرۆریستییەکانی ناوچەکانی تری جیهان دەکات.

لەم بارەوە، ڕۆژی سێشەممە ۱۰ی بانەمەڕ، عەلی ئەلقەترانی، جێگری سەرۆکی شۆرای سەرۆکایەتیی وڵاتی لیبی کە لە پۆستەکەی خۆی دەستی لەکار کێشاوەتەوە، ڕایگەیاندووە: دەوڵەتی یاساییی وڵاتی لیبیی بە هاوکاریی ڕێژیمی ئێران، پاڵپشتی لە گرووپە تێرۆریستییەکانی لیبی دەکەن و بەرپرسانی سەربازیی حکوومەتی لیبی و گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری حکوومەت لە ترابلۆس، چەندین جار بۆ وەرگرتنی چەک و کەرەستەی شەڕ و هەروەها پاڵپشتیگەلێکی تری جۆراوجۆر لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، چوونەتە تاران و بە دەسکەوتەوە گەڕاونەتەوە.

ناوبراو، وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی ئاژاوەگێڕانە ڕێژیمی ئێران لە ئاڵۆزییە نێوخۆیییەکانی وڵاتی لیبی، وتی: "پاش ئەوەی کە گرووپە تێرۆریستییەکانی لایەنگری حکوومەت بۆ وەرەگرتنی چەک و کەرەستەی شەڕ چووبوون بۆ تاران و گەڕاونەتەوە، شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان گرووپەکانی لایەنگری حکوومەت و سپای نیشتمانیی لیبی بەرینتر بووە و بەم هۆیەوە ڕۆژانە سەدان کەسی مەدەنیی خەڵکی لیبی دەکوژرێن".

لەم پەیوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە ۳ بانەمەڕ، فەرماندەی هێزەکانی دەریاییی سپای نیشتمانیی وڵاتی لیبی، ڕایگەیاندبوو، کەشتییەکی ڕێژیمی ئێران کە ئەگەری زۆری هەیە سەر سپای پاسداران بێت، لە ڕێڕەوی کەنارەکانی مەسراتەی (مصراتە) لیبی، نزیک بووەتەوە.

ماڵپەڕی چاوەدێرانی لیبی، ڕۆژی شەممە ۷ی بانەمەڕ، لەم بارەوە بەیاننامەیەکی وەزارەتی نێوخۆی وڵاتی لیبی لەسەر ڕاگرتنی کەشتییەکی بازرگانی ڕێژیمی ئێران بڵاو کردەوە و لە بەشێکی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە: کەشتییەکی ڕێژیمی ئێران، بە ناوی "شهرکرد" بە ژمارەی ۹۲۷۰۶۸٤ کە ۱٤٤ کانینێر باری پێیە، بە گومانی گواستنەوەی کەرەستەی شەڕ و چەک و تەقەمەنی ڕاگیراوە.

کەشتیی "شهرکرد"، سەربە سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانە، کە وەکوو کۆمپانیای فڕۆکەوانی "ماهان ئایر" بۆ کار و چالاکییە تێرۆریستییەکانی خۆی لە درێژەی سیاسەتەکانی ڕێژیم و گواستنەوەی کەرەستەی شەڕکەر و تێرۆریستانی سەر بەو ڕێژیمە بەکاری دەهێنێت، کە بەم بۆنەوە ئەو کەشتییە لە لیستی گەرمارۆوەکانی ئامریکادایە.