کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران چەکوچۆڵ بە کورەی باکوور دەفرۆشێت

11:36 - 21 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران یارمەتی کورەی باکوور دەدات بۆ ئەوەی کە بتوانێ گەمارۆکانی دژ بە خۆی دەور لێبداتەوە.

بەپێی نوێترین لێکۆڵینەوەی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی لەبارەی کورەی باکوور بۆ دەوردانەوەی ئەو گەمارۆیانەی کە دژ بەو وڵاتە وەگەڕخراون ، بیست وڵات بە فرۆشتنی چەکوچۆڵ و مادەی ناوکی یارمەتیی ئەم وڵاتە دەدەن.

لە نێو ئەم ڕاپۆرتەی ڕێکخراوی نێونەتەوەییدا، ناوی ڕێژیمی ئێران وەک دووهەم بازاڕی سەرەکی بۆ ئەم وڵاتە هاتووە.

هەردوو کۆمپانیای "بازرگانی مەعدەن و تەوسعە" و "کاجی سەوز"ی کورەی باکوور، لە ئێراندا نووسینگەیان هەیە و لە ئێستاشدا هەر خەریکی کارکردنن. کۆمپانیای "کاجی سەوز" کە بە یەکێک لە گرینگترین کۆمپانیاکانی کورەی باکوور هەژمار دەکرێت زۆرێک لە کارەکانی کۆمپانیای "بازرگانی مەعدەن و تەوسعە"شی خستووەتە ژێر باڵی خۆیەوە.

کۆمپانیای "بازرگانی مەعدەن و تەوسعە" کە  بە ناوی بچووککراوی "کومید"یش دەناسرێت لە ساڵی ٢٠٠٩دا خرایە لیستی گەمارۆکانی ڕێکخراوی نێونەتەوەییەوە.

هەروەها کۆمپانیای "کاجی سەوز" یان "گرین پاین" لەگەڵ دوو کۆمپانیای دیکەی کورەی باکوور لە ساڵی ٢٠١٢دا خرانە ناو لیستی گەمارۆکانی ڕێکخراوی نێونەتەوەییەوە.

دەوترێت کۆمپانیای "بازرگانی مەعدەن و تەوسعە" لە سەرەکیترین کۆمپانیاکانی کورەی باکوور بۆ فرۆشتن و کڕینی کەلوپەلی پێوەندیدار بە موشەکی بالستیکی هەژمار دەکرێت.

بوونی ڕێژیمی ئێران لە ناو لیستی ئەو وڵاتانەی کە لە دەوردانەوەی گەمارۆکانی کورەی باکوور، یارمەتی ئەو وڵاتە دەدەن، شتێکی سەرسووڕهێنەر نییە و درێژەدەری سیاسەتە ئاژاوەگێڕانەکانی ئەم ڕێژیمە بۆ پەرەپێدانی تیرۆر لە ناوچە و جیهان و هەروەها هەوڵدان بۆ گوشار خستنە سەر ئامریکا و وڵاتانی ئورووپاییە.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە وڵامی  کاربەدەستانی ڕێکخراوی نێونەتەوەییدا ئەم لێکۆڵینەوە و ڕاپۆرتەیان ڕەت کردووەتەوە و وتوویانە کە تەنیا کەسانێکی دیپلۆماتکاری کورەی باکوور لەو وڵاتەدا بوونیان هەیە.