کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران چەکوچۆڵ ڕەوانەی ئەفغانستان دەکات

23:39 - 27 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: فەرماندەی پولیسی ئەفغانستان ئاشکرای کردووە، ڕێژیمی ئێران چەکوچۆڵ بۆ گرووپی تێرۆریستیی تاڵەبان بەڕێ دەکات.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، "فەزڵ ئەحمەد شێرزاد" فەرماندەی پولیسی ئەفغانستان لە شاری "فراه" باسی لەوە کردبوو، کە پولیسی ئەو شارە دەستی بە سەر هەندێک چەکوچۆڵدا گرتووە، کە سازکراوی ڕێژیمی ئێرانه.

"ئەحمەد شێرزاد" لە درێژەی قسەکانیدا ئاشکرای کردووە، ڕێژیمی ئێران بە شێوەیەکی چڕوپڕ هاوکاریی گرووپی تێرۆریستیی تاڵەبان دەکات و هەوڵ دەدات کە سەقامگیریی ئەفغانستان تێک بدات.

ساڵی ڕابردووش، میدیاکانی ئەفغانستان باسیان لەوە کر، کە لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادان لە نێوان گرووپی تێرۆریستیی تاڵبان و هێزە ئەمنییەتییەکانی ئەفغانستاندا چەند ئەندامی گرووپی تاڵەبان دەسبەسەر کران که چەکوچۆڵی سازکراوی ڕێژیمیان پێ بووە.

پشتگیریی نیزامیی و ماڵیی ڕێژیمی ئێران لە تاڵەبان، بابەتێکی نوێ نییە. ئەوەی نوێیە دژکردەوە و هەڵوێستی ئاشکرای دەوڵەتی ئەفغانستانە بەرانبەر بە ئەو سیاسەتە.

پێشتریش چەندین جار ئامریکا و ناوەندە نێونەتەوەیییەکان و دەزگا هەواڵگرییەکانی جیهان باسیان لە بوونی پێوەندیی نهێنیی سەرانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەگەڵ گرووپی تێرۆریستی تاڵەبان کردبوو.
وڵاتانی دراوسێی ئێران لە دەستێوەردانەکانی ئێران لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی ناوچەکەدا نیگەرانن و لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردووشدا، شۆرای هاوکاریی کەنداو، لە نوێترین دانیشتنیاندا، داوای لە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کرد، بۆ ئەوەی ئەو ڕێژیمە بیسەلمێنێت، کە بایەخ بە سەقامگیریی ناوچەکە دەدات، پێنج داواکاریی ئەو ڕێکخراوەیە جێبەجێ بکات.

پشتیوانییەکانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی یەمەن، سووریە و چەندین وڵاتی دیکە بەردەوام ناڕەزایەتیی بەرپرسانی ئەمنییەتیی وڵاتانی عەرەبی لێ کەوتووەتەوە، ئەوەش لە حاڵێکدایە کە ڕێژیم بە دەستێوەردانەکانی لەو وڵاتانەدا درێژە دەدات.