کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران چەکوچۆڵی بۆ میلیشیا چەکدارەکانی لە سووریە ناردووە

18:32 - 16 خاکەلێوه 2721

دیدەبانی مافی مرۆڤی سووریە و هەروەها هەندێک لە ڕاگەیاندنەکان، ڕایانگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران چەندین کامیۆنی هەڵگری چەکوچۆڵ، لەوانە مووشەکی نێوانبۆردی لەم دواییانەدا بۆ ڕۆژهەڵاتی سووریە ناردووە.

چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە، ڕۆژی دووشەممە ١٦ی خاکەلێوە ڕایگەیاندووە کە ئەو ٤ کامیۆنەی هەڵگری چەکوچۆڵ لە ڕێڕەوێکی سنوورییەوە لە نزیکیی "ئەبووکەمال" چووەتە سووریە.

هەر بەپێی ئەو ڕاپۆرتە باری دوو دانە لە کامیۆنەکان لە هەمارەکانی گرووپی "ئەلفاتمییوون" کە میلیشیاگەلێکی ئەفغانیی سەر بە ڕێژیمی ئێرانن دابەزێندراوە و دوو کامیۆنەکەی دیکەش بارەکانی خۆیان بۆ میلیشیاکانی دیکەی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە "ڕەقە" بردووە.

ڕاگەیاندنە عەرەبییەکانیش لە زاری "نەهر میدیا"وە کە بنکەیەکی هەواڵیی سەر بە ئۆپۆزیسیۆنی سووریەیە و بەتایبەتی هەواڵەکانی "دەیرولزوور" ڕووماڵ دەکات، ڕایانگەیاندووە کە مووشەکە نێوانبۆردەکان پاش گواستنەوە لە ئێرانەوە، لە شاری "ئەلمەیادینـ"ـدا دراوە بە گرووپی "ئەبولفەزلی عەباس".

هەر ئەو ڕاپۆرتە ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە ٦ مووشەک کە بە ٣ کامیۆن گواستراوەتەوە براوەتە زاخەکانی ئەو گرووپە لە "قەڵای ئەلڕەحبە" و لانچێرەکانیشی بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا بنێردرێت.

ئیسرائیل بەردەوام ڕایگەیاندووە کە ئیزن نادات ڕێژیمی ئێران حوزووری نیزامیی خۆی لە سووریەدا جێگیر بکات و تەناهیی ئیسرائیل بخاتە مەترسییەوە.

لەلایەکی دیکەوە ئێران بە ناردنی چەکوچۆڵ بە تەمایە هەوڵە تێکدەرانەکانی کە لە ڕێگای میلیشیاکانیەوە لە ناوچەدا ئەنجامی دەدات زیاتر بکاتەوە.