کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران ڕاگەیاندنی ئاماری قوتابییانی تووشبوو بە کۆرۆنای قەدەغە کردووە

11:04 - 7 رەزبەر 2720

وتەبێژی زانکۆی پزیشکیی مەشهەد ڕایگەیاندووە کە وەزارەتی تەندروستی بڵاوکردنەوەی ئاماری قوتابییانی قوربانی و تووشبوو بە کۆرۆنای قەدەغە کردووە.

"حەمیدڕەزا ڕەحیمی" وتەبێژی زانکۆی پزیشکیی مەشهەد هەروەها باسی لەوە کردووە کە ئامارێکی ڕێکیان سەبارەت بە ڕێژەی تووشبووان و قوربانییان لەنێوان قوتابییاندا نییە و ئامارەکان لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە بڵاو دەبێتەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە "سەید محەممەد بەتحایی" وەزیری پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە لە پاش ١٥ی خەرمانانەوە و کرانەوەی قوتابخانەکان هیچ ڕاپۆرتێکی فەرمی بەنیسبەت ڕێژەی تووشبوونی قوتابییان بەو ڤایرۆسە لەبەردەستدا نییە.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە کاتی کرانەوەی قوتابخانەکانەوە هەتا ئێستا، بەهۆی نەبوونی پرۆتۆکۆلی پێویست بۆ پێشگرتن بە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕێژەیەکی زۆر لە قوتابییان تووشی ئەو ڤایرۆسە بوونە.

لە شاری پیرانشار لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لە قوتابخانەیەکدا چوار مامۆستا، سەرایەداری مەدرەسە و دوو قوتابیی قوتابخانەیەک تووشی کۆرۆنا بوون.

هەروەها لە هەندێک لە شارەکانی دیکەدا بەهۆی تووشبوونی مامۆستایان و قوتابییان، قوتابخانەکان داخراون.