کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران ڕاگەیاندنی نرخی ماشینی لە سوشیال میدیاکاندا قەدەغە کرد

19:15 - 20 بانەمەڕ 2720

ئەندامێکی هەیئەتی بەڕێوبەریی یەکیەتیی کار و پیشەی مەجازی وتوویەتی، حوکمی دادگا بۆ قەدەغەکردنی نووسینی نرخی ماشین لە سوشیال میدیاکاندا ڕۆژی پێنجشەممە دەرکراوە و لەو ڕۆژەوە کاری پێ دەکرێت.

"ڕەزا ئولفەت نەسەب"، ئەندامی هەیئەتی بەڕێوبەریی یەکیەتیی کار و پیشە مەجازییەکان وتوویەتی، دادگا حوکمی خۆی سەبارەت بە پێشگرتن بە بڵاوکردنەوەی نرخی ماشین لە سوشیال میدیاکاندا دەرکردووە و لە دوانیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بانەمەڕەوە کاری پێ دەکرێت.

ناوبراو ڕایگەیاندووە کە ئەو یاسایە سەرجەم ئاگادارییە پڕوپاگەندەییەکان دەگرێتەوە و وتیشی: "پێش لەمەش چوارچێوەی ئاگاداریی نرخی ماشینەکان دیاری کرابوو و کەسەکان لە ئەگەری دانانی نرخی سەرووتر لە ئاستی دیاریکراو، نەیاندەتوانی ئاگاداریی لەسەر بڵاو بکەنەوە".

لە ئێستادا ئەو یاسایە، دانانی ئاگاداریی ماشین بە نووسینی نرخەوە قەدەغە دەکات و ئەو ئاگادارییانە دەبێ بەبێ نرخ بڵاو بکرێنەوە.

ئەم یاسایەی ڕێژیم جۆرێکی تر لە فیلترکردنی زانیاری لە خەڵکە کە پێش بە نائارامی و ناڕەزایەتیی خەڵک بگرن و پێش بە بڵاوبوونەوەی خێرای زانیاری بگیردرێت.