کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران ڕۆژنامەوانانی ژنی ئێرانی ئازار و ئەزییەت دەکات

17:38 - 28 رەزبەر 2721

ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی "ئەرتیکل ١٩" بە هاوکاریی کۆمیتەی پارێزگاری لە ڕۆژنامەوانان "CPJ" لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ڕایگەیاند، ڕەوتی ئازار و ئەزییەتی ژنانی ڕۆژنامەوانی ئێرانی نیشتەجێی دەرەوەی وڵات لەلایەن ڕێژیمی ئێران پەرەی سەندووە.

ئەو ڕێکخراوەیە ڕایگەیاند، ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای دونیای خوازەکی، هەڕەشەی کوشتن و بڵاوکردنەوەی زانیاریی تاکەکەسی ئەو ڕۆژنامەوانانە و بنەماڵەکانیان ئازار دەدات.

ڕاپۆرتی ئەو دوو بنکەیە دەرخەری ئەوەیە کە زۆربەی ئازار و ئەزییەتەکان لایەنی "جینسی و ڕەگەزتێگراویــ"ـیان هەیە.

ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای پەیام یان پۆست لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئەو ڕۆژنامەوانانە ئازار دەدات.

"کان مەک کیو" بەڕێوەبەری "ئەرتیکل ١٩" وتوویەتی، ماوەی چەندین ساڵە ئەو ڕۆژنامەوانانە لەلایەن ڕێژیمی ئێران ئازار و ئەزییەت دەدرێن کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر کار و ژیانیان هەبووە.

ئەو بنکەیەی مافی مرۆڤی جەختی کردووەتەوە کە ڕێژیمی ئێران دەبێ واز لە هێرش بۆ سەر ڕۆژنامەوانان لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێران هەڵگرێت و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی یەک لەوان، شیرکەتەکانی فەناوەری پارێزگاریی زیاتریان لێ بکات.