کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران، ڕێژەی دیاریکراو بۆ پیتاندنی ئۆرانیۆم تێدەپەڕێنێت

18:44 - 27 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران، باس لە تێپەڕاندنی ڕێژەی دیاریکراو بۆ پیتاندنی ئۆرانیۆم دەکات.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٧ی جۆزەردان، "بێهروز کماڵوندی"، وتەبێژی ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران، لە پرێس‌ کۆنفڕانسێکدا، باسی لە چوار قات کردنەوەی بەرهەمهێنانی ئۆرانیۆمی کردووە و ڕایگەیاند: "هەتا ڕێکەوتی ٦ی پووشپەڕ، واتە ١٠ ڕۆژی دیکە، ئێمە ڕێژەی پیتاندنی ئۆرانیۆم بە ٣٠٠ گرەم دەگەیەنین."

بەپێی ڕێککەوتننامەی بەرجام، ڕێژەی بەرهەمهێنانی ئۆرانیۆمی ڕێژیمی ئێران نابێ لە ٣٠٠ کیلۆگرەم تێبپەڕێت.

چەند کاتژمێرێک دوای قسەکانی وتەبێژی ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ڕێژیم، "بێنیامین نێتانیاهوو"،  سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە کاردانەوە بەم هەواڵە، هۆشداریی بە وڵاتانی جیهانی داوە و داوای کردووە کە دەبێ هێزە جیهانییەکان گەمارۆکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران وەگەڕ بخەنەوە.

لەم چەند ڕۆژەی دواییدا، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە بکەری هێرش بۆ سەر نەوتکێشەکانی دەریای عومان، لە لایەن چەند وڵاتێکی وەک: ئامریکا، بریتانیا، نۆروێژ و ئیسرائیلەوە ناسێندراوە.

هەروەها ستادی فەرماندەیی ناوەندیی ئەرتشی ئامریکا، ناسراو بە "سێنتکام"، لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی لەوە کردبووەوە کە ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژی ڕوودانی تەقینەوەی نەوتکێشەکاندا، مووشەکێکی ڕوو بە پەهپادێکی ئامریکا هاویشتووە کە هەوڵەکەی ناسەرکەوتوو بووە.