کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران ڕەوانەکردنی چەکوچۆڵ و هێزی نیزامی بۆ ئەرمەنستانی ڕەت کردەوە

17:37 - 8 رەزبەر 2720

لە سێهەمین ڕۆژی شەڕ و تێکهەڵچوونی نیزامیی لە نێوان وڵاتانی ئازەربایجان و ئەرمنستان لە ناوچەی قەرەباغ،  که باس لەوە دەکرا ڕێژیمی ئێران چەکوچۆڵ وهێزی نیزامی بۆ ئەرمەنستان ناردووە؛ ڕێژیمی ئێران ئەمەی ڕەت کردەوە.

ڕۆژی سێشەممە ٨ی ڕەزبەر، باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئێران لە باکوو بڵاوی کردووەتەو ڕەوانەکردنی چەکوچۆڵ و هێزی نیزامی بۆ ئەرمەنستان لەلایەن ئێرانەوە ڕاست نییە.

هەروەها وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئیران، وتوویەتی بە هیچ شێوەیەک ڕێگا نادەین لە خاکی ئێرانەوە چەکوچۆڵ و کەرەستەی نیزامیی لە ئێرانەوە بۆ ئەرمنستان ڕەوانە بکرێت.

ڕێژیمی ئێران ئەگەرچی ئەو هەواڵەی ڕەت کردووەتەوە بەڵام ڕووسیە بۆ شەڕی سووریە کەڵكی لە پایگای هەوایی "نوژە"ی هەمەدان وەردەگرت کە دواتر ئاشکرا کرا.

ئێستاش هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە ڕووسیە لە ڕێگای ئێرانەوە چەکوچۆڵی بۆ ئەرمەنستان ناردووە.

''سەعید خەتیب زادە'' وتوویەتی: ''هاتووچۆی ترانزیتی کاڵا غەیرە نیزامییەکان لەلایەن ئێران و وڵاتانی دراوسێ بە شێوەی ئاسایی بەردەوام و هەر هەبووە".

سێ ڕۆژ بە سەر شەڕ و تێکهەڵچوونی توندی نیزامی لە نێوان دوو وڵاتی ئازەربایجان و ئەرمەنستان لەسەر ناوچەی قەرەباغ تێدەپەرێت کە هەتا ئێستا نزیکەی ١٠٠ کەس لە هێزە نیزامییەکان و کەسانی مەدەنی کوژراون.