کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران ژینگەی کوردستان کاول دەکات

11:42 - 28 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بە بەتاڵانبردنی سەرچاوە سروشتییەکان و دارستانەکانی کوردستان، ژینگەی کوردستان کاول دەکات.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە درێژەی سیاسەتە نەگریسەکانی خۆی بە دژی نەتەوەی کورد و خاکی کوردستان، بە بەتاڵانبردنی سەرچاوە سروشتییەکانی کوردستان، بڕینی داری دارستانەکانی کوردستان، وەگەڕخستنی پرۆژە نازانستییەکان وەکوو: کێشانی ڕێگاوبانەکان، سازکردنی بەنداوەکان و ... ، کە بە شێوەیەکی پیلانداڕێژراو و دوور لە هەر یاسایەکی ئەندازیارین، خەریکی تێکدان و کاولکردنی ژینگەی کوردستانە.

زۆربەی ئەو سیاسەت و پرۆژانەی کە وەکوو نموونە ئاماژەیان پێ کراوە، یان بە واتایەکی تر هەشتا لەسەدی (۸۰٪) ئەو پیلانانەی ڕێژیم بە دژی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، جیا لە سەرکوت و هێرشی سەربازیی بۆ سەر کوردستانە و وەکوو بیانوو زۆر جار دارستانەکانی کوردستانیان ئاگر داوە، کە هەموویان لە لایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە بەڕێوە دەچن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە ڕۆژانەی ڕابردوودا، کۆمەڵێک لە بەکرێگیراوانی ڕێژیم لە شاری پیرانشار، بە بڕینی داری دارستانەکانی زۆربەی ناوچەکانی پیرانشار و گواستنەوەیان لە ڕێگای بارهەڵگرە چووکە و گەورەکانەوە بۆ شوێنەکانی تری ناوەندی ئێران، خەریکی کاولکاری و تێکدانی ژینگەی کوردستانن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەوە، بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای ڕاگەیاند: ئەو کاولکارییانە لە کاتێکدا کە بە ئاشکرا دەکرێن و ناوەند و ئورگانە پێوەندیدارەکانی ڕێژیم وەکوو ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکان (منابع طبیعی) و ئیدارەی دارستانپارێزی (جنگلبانی)، هیچ هەوڵێکیان بۆ پێشگرتن بەو کاولکاری و بەتاڵانبردنانە نەداوە، نیشانەیەکی ڕوونە کە ئەو کارانە لە لایەن خودی ڕێژیمەوە دەکرێن.

ئەم کاولکارییانەی ژینگە و بەتاڵانبردنەی داری دارستانەکانی کوردستان تەنیا لە شاری پیرانشار نییە و لە زۆربەی شار و ناوچەکانی تری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەی پیلانداڕێژراو درێژەی هەیە، لەم پەیوەندییەدا زۆرجار ڕێکخراوە ژینگەپارێزییەکان و چالاکی ژینگەپارێزیی کوردستان، ئاگادارییان بۆ ڕای گشتیی بڵاو کردووەتەوە و تەنانەت خەڵک و ڕاگەیاندنەکانی دەرەوەی ئێرانیان لەسەر ئەو پیلانانەی ڕێژیم ئاگادار کردووەتەوە.

بەڵام بەداخەوە هەتا ئێستەش هیچ ڕێکخراوەیەکی نێونەتەوەییی ژینگەپارێزی یان ڕێکخراوە نێونەتەوەیییەکانی تر لەم بارەوە هیچ هەڵویستێکیان نەبووە و لە ئاستی ئەو کاولکارییانەدا بێدەنگ بوونە.