کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران کار و چالاکیی ئەپەکانی "فیلیمۆ و نەماوا"ی ڕاگرت

12:27 - 26 پووشپەڕ 2722

"سەعید مەقیسە" بەڕێوەبەری "ساترا" وتوویەتی کە دەبێ کار و چالاکیی ئەپەکانی "فیلیمۆ و نەماوا" کە هەردووکیان ئەپی نێوخۆیین ڕاگیردرێت.

ئەپەکانی "فیلیمۆ و نەماوا" لە بواری بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی "فیلم و تەبلیغات" لە دونیای خوازەکیدا بە شێوەیەکی بەربڵاو کار و چالاکییان هەیە و خاوەنی بەردەنگێکی زۆرن. هەروەها وەک ڕکابەرێکی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم دێنە ئەژمار.

دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم بە پێشکەوتنی دونیای خوازەکی بە شێوەیەکی بەرچاو بەردەنگەکانی لەدەست داوە و ئێستاش لە ڕێگای "ساترا"وە دەیهەوێت بواری بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوە بۆ جارێکی دیکە بە دەستەوە بگرێت و ڕکابەرەکانی لەسەر ڕێگا بسڕێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە ڕاگیرانی ئەو ئەپانە لە حاڵێکدایە کە ڕێژیم لە گەڵاڵەی "پاراستنی دونیای خوازەکیـ"ـدا سەر نەکەوتووە و لە ئێستاشدا لە ڕێگای ڕاگرتنی ئەو ئەپە نێوخۆییانە بە نیازە چاوەدێری بەسەر کار و چالاکیی هاووڵاتییان لە دونیای خوازەکیدا زیاتر بکات.