کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران کارناسە نیزامییەکانی ناردووەتە یەمەن

19:03 - 22 پووشپەڕ 2720

ڕێژیمی ئێران بۆ پشتیوانیی زیاتر لە حووسییەکانی یەمەن و قەرەبووکردنەوەی شکستەکانیان لە ئەرتشی یەمەن، کارناسە نیزامییەکانی ناردووەتە ئەو وڵاتە.

سەرهەنگ "مەئموون ئەلموهەجمی" وتەبێژی "تیپەکانی عەمالیقـ"ـی ئەرتشی یەمەن، ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی پووشپەڕ ڕایگەیاندووە کە کارناسانی نیزامیی ڕێژیمی ئێران بە حوزووریان لە "ئەلحەدیـدە" دەیانهەوێت شکستە یەک لە دوای یەکەکانی حووسییەکان قەرەبوو بکەنەوە.

وتەبێژی تیپەکانی "عەمالیقـ"ـی ئەرتشی میللیی یەمەن وتوویەتی: "میلیشیا چەکدارە حووسییەکان لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هەوڵیان داوە بە هێرشگەلی یەک لە دوای یەک لە ناوچەکانی کەناراوی ڕۆژئاوادا دۆخی ئەو ناوچەیە نائارام و قەیراناوی بکەن".

"ئەلموهەجمی" هەروەها باسی لەوە کردووە کە حوزووری دووبارەی کارناسانی نیزامیی ئێران پاش شکستهێنانی قورسی حووسییەکان لە ناوچە جیاوازەکاندا ئەنجام دراوە.

ناوبراو لە بەشێکی دیکە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا وتوویەتی، کارناسانی نیزامیی ڕێژیمی ئێران لە کەموکوڕیی حووسییەکان لە هێڵی پێشەوەی مەیدانی شەڕدا نیگەرانییان دەربڕیوە و داوایان لە کۆمیتەی فێرکاریی هێزەکانی حووسی کردووە تا هێزێکی زیاتر بۆ ئەنجامدانی هێرشگەلی زیاتر بۆ سەر هیزە هاوبەشەکان لە پانتایی هێڵی سنووریی ١٤٥ کیلۆمیتری بنێرنە جبهەکان.

لە بەرانبەردا ڕێبەرانی مەیدانیی حووسییەکان بۆ کارناسە نیزامییە ئێرانییەکانیان ڕوون کردووەتەوە کە بەهۆی ئەو زیانە قورسانەی کە لەو ماوەیەدا لەلایەن هێزە هاوبەشەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی و ئەرتشی میللیی یەمەنەوە پێیان گەیشتووە، ئێستا ئەوان بەدەست کەمیی هێزی مرۆیی لە جبهەکانی کەناراوی ڕۆژئاوادا دەناڵێنن.

ڕێژیمی ئێران بەردەوام لە ڕێگای گرووپە تێرۆریستییەکانی وەک حووسییەکانی یەمەن لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەوڵ دەدات کە ناوچەکە بکاتە جەولانگەی خۆی و دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتاندا بکات و نائارامی بخولقێنێت.