کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران کردەوەیەکی تێرۆریستی لە کەنداو ئەنجام دا

17:52 - 23 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: پاش هێنانی پاپۆڕی شەڕکەری "USS ئابراهام لینکۆڵنـ"ـی ئامریکا بۆ کەنداو، ڕێژیمی ئێران یەکەمین کردەوەی تێرۆریستی لە بەندەری "فەجیرە" ئەنجام دا.

پاش ئەوەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو و بەتایبەت دوو ساڵی ڕابردوودا، هەوڵی بەهێزکردنی پێگەی سەربازیی خۆی لە ناوچەکە و بەتایبەت ئاوەکانی کەنداو داوە و لەم پەیوەندییەشدا، ڕۆژانی ڕابردوو پاپۆڕی شەڕکەری "USS ئابراهام لینکۆڵنـ"ـی هێناوەتە ئاوەکانی کەنداو، ڕێژیمی ئێران بەردەوام چالاکییە تێرۆریستییەکانی خۆی لە ڕێگای میلیشیا چەکدارەکانی خۆیەوە ناڕاستەوخۆ دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئامریکا ئەنجام داوە و زۆر جاریش لە ڕێگای گرووپە تێرۆریستییەکانییەوە لە ناوچەکە هێرشی کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئامریکا.

بەڵام پاش گرژبوونەوەی ئاڵۆزییەکانی نێوان ڕێژیمی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و ڕەوانەکردنی پاپۆڕی شەڕکەر و فڕۆکەهەڵگری "USS ئابراهام لینکۆڵن"، لە لایەن هێزەکانی ئامریکاوە، ڕێژیمی ئێران ڕاستەوخۆ لە ڕێگای هێزە تێرۆریستییەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە لە ئاوەکانی کەنداو، کردەوەی تێرۆریستی دەکات.

لەم پەیوەندییەشدا، ڕۆژی یەکشەممە ۲۲ی بانەمەڕ، هەواڵدەرییەکانی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، بڵاویان کردەوە، کە لە ئاکامی تەقینەوەیەکی تێرۆریستیدا، لە بەندەری "فەجیرە"ـی وڵاتی ئیمارات، نزیک بە کەنارەکانی کەنداو، زیاتر لە حەوت پاپۆڕی نەوتکێشی وڵاتی ئیمارات لەو بەندەر سووتاون و خەسارێکی زۆری گیانی و ماڵیی لێ کەوتووەتەوە، هەروەها بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، دوو پاپۆڕی نەوتکێشی عەرەبەستانی سعوودیش لەو شوێنە سووتاون.

پاش ئەو کردەوە تێرۆریستییە، بەرپرسی نووسینگەی هەواڵدەریی "تەسنیم (تسنیم)"، سەر بە سپای تێرۆریستی پاسداران، لە تویتێکدا لە لاپەڕەی تویتێری خۆی، ڕایگەیاند کە ئەو کردەوە تێرۆریستییە کاری هێزەکانی سپا بووە و نووسیبووی: "بەندەری فەجیرە، تەنیا ڕێگای سەرەکیی (شاهراه)، ئیمارات و عەرەبستانی سعوودی بۆ گواستنەوە و ڕەوانەکردنی نەوتی وڵاتەکانیان، ئاگری تێبەردرا. چەند هێڵ دواتریش نووسرابوو کە لە گەروی هورمۆز، هێزەکانی بەرگریی ئیسلامیی ئاگریان تێبەردا. ترسنۆکەکان بزانن کە شەڕ ساڵانێکە دەستی پێ کردووە و لە کۆتاییەکانیشییەتی".

پێشتر "عەباس مووسەوی"، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران ، لە هەمان ڕۆژی کردەوە تێرۆریستییەکەدا، ئەو کردەوە تێرۆریستییەی ئیدانە کرد و نیگەرانیی ڕێژیمی لەو بارەیەوە دەربڕی، دواتریش "ئەمین عەرەبشاهی"، بەرپرسی هەواڵدەریی تەسنیمی سپای تێرۆریستی پاسداران، تویتەکەی لە سەر لاپەڕەکەی سڕیەوە. 

لێداون و قسەکانی ئەو دوو بەرپرسەی ڕێژیم، هەم نیشانەی دووڕوویی و فێڵبازیی ڕێژیم لەهەمبەر کردەوە تێرۆریستییەکانییەتی و هەمیش نیشانەیەکی بەهێزە بۆ سەلماندنی سەرەڕۆییەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران، ئەوەی کە سپای تێرۆریستی پاسداران دەسەڵاتی ڕەهای ئێرانی بە دەستەوەیە و بۆ کردەوە تێرۆریستییەکانی پرس بە مۆرە دەستنیشان کراوە بووکەڵەییەکانی تری ڕێژیم لە سەرەوەی دەسەڵات ناکات.