کوردستان میدیا: ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێران لە هێرشە مووشەکییەکانی خۆیدا، دوو پایگای ئامریکایی لە کوردستان و عێراق کردە ئامانج.
ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسداران بە مەبەستی تۆڵەسەندنەوە لە ئامریکا، هێرشی مووشەکیی کردە سەر دوو پایگای نیزامیی ئامریکا کە یەکێكیان لە هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستان و ئەوی دیکەش لە ناوچەی سوننەنشینی عێراق هەڵکەوتووه.
لەو هێرشەدا، مووشەکێک لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کەوتووەتە خوارەوە کە هیچ زیانێکی لێ نەکەوتووەتەوە.
"تەلار فایەق"، بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر وتوویەتی، گەشتەكانی فڕۆكە لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر وەكوو ڕۆژانی ڕابردوو ئاساییە.
وەزارەتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان لەبارەی کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکانی ڕێژیمی ئێران لە نزیک هەولێر، وتوویەتی: "کەوتنە خوارەوەی مووشەکەکانی دوێنێ شەو هیچ زەرەر و زیانێکی نەبووە".
هاوکات لە هێرشە مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئێران، پایگای "عەین ئەسەد" کە لە ناوچەی سوننەکانی عێراقدا هەڵکەوتووە هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە.
ڕێژیمی ئێران بههۆی ئەوەی کە کورد و سوننە لە پارلمان لەبارەی دۆخی عێراق دژی ئامریکا هەڵوێستیان نەگرتووە، ئەو دوو شوێنەی کردووەتەوە ئامانج.