کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران کۆبوونەوەیەکی لە ژێرناوی "سوڵح" لە زانکۆی تاران بۆ بانگەشەی هەوڵە ئیدئۆڵۆژییەکانی بەڕێوە بردووە

12:02 - 29 رەزبەر 2721

ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە ڕێکەوتی ٢٦ و ٢٧ ڕەزبەر ڕێژیمی ئێران کۆبوونەوەیەکی لەژێر ناوی "سوڵح "و لەسەر پرسی "سوڵح و چارەسەرکردنی کێشەکان "بە شێوه‌ی خوازەکی بەڕێوە برد.

خوێندکاران باسیان لەوە کردووە کە ئەو بەناو کۆبوونەوەیە کە ڕێژیم و دەستوپەیوەندییەکانی لە زانکۆ بەڕێوەی دەبەن خەریکی نێوکۆڵکردن و بەتاڵکردنی زانکۆن لە ئازادی و هۆشیاری.

ڕۆژانی کۆتایی ئەو مانگە ترس لە سەرهەڵدان و هەڵبڕینی دەنگی ناڕازیی خوێندکاران وای کردووە ڕێژیم هەموو زانکۆکان بە بیانووی کۆرۆنا دابخات و هەتا ئێستاش لە ماوەی ئەو دوو ساڵە هیچ هەوڵێکی نەداوە بۆ ئەوەیکە لە ڕێگای خوازەکی خوێندکاران درێژە بە خوێندن بدەن.

خوێندکاران باس لەوە دەکەن، ڕێژیم خۆشحاڵە کە وابیر دەکاتەوە بە بیانووی کۆرۆنا زیندووترین توێژی ناڕازی و خاون فکری بێدەنگ کردووە و مەیدانی ناڕازی لەدەست دەرهێناوە.

ئێستاش کاربەدەستانی ڕێژیم وەک دەرفەتێکی زێرین بۆ خۆدزینەوە لە خراپترین دۆخی سیاسی و ئابووری چاو لە داخرانی زانکۆکان دەکەن.

خوێندکاران ڕوو بەو کۆبوونەوەیە کە لەژێر ناوی "سوڵح" لەلایەن ڕێژیمەوە بەڕێوە چووە وتوویانە: ''ئەگەر لە سوڵح دەگەڕێن بۆچی لە خۆپێشاندانەکانی ساڵی ٩٨ هەزاران کەستان تەنیا بە تاوانی هاتنە سەرشەقام گوللـەباران کرد و بۆچی مافخوازیی بزووتنەوەی گەڵی کورد بە تۆپباران و مووشەکباران وەڵام دەدەنەوە.''

هەروەها خوێندکاران ڕووبەو شانۆگەرییەی ڕێژیم وتوویانە: ''ئێوە لە ژێرناوی سوڵح و چارەسەرکردنی پرسی کورد پێغەمبەری ئاشتی دوکتور قاسملووی گەورەتان شەهید کرد و ئێستا شەهید دوکتور قاسلموو هێمای ئاشتییە ئێوەش هێمای کوشتن و تێرۆرن''.