کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران کێبرکێی وەرزشوانە ئێرانییەکان لەگەڵ بەرانبەرە ئیسرائیلییەکانیان قەدەغە دەکات

13:01 - 24 بانەمەڕ 2720

بەناو نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران لە بەشێک لە گەڵاڵەی دوو فەورییەتیی "بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ هەوڵە دوژمنکارانەکانی ئیسرائیل"، کێبرکێ و بەرەوڕووبوونەوەی وەرزشوانە ئێرانییەکانی لەگەڵ بەرانبەرە ئیسرائیلییەکانیان بە شێوەی فەرمی قەدەغە کرد.

ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی بانەمەڕ، مەجلیسی ڕێژیمی ئێران لە کۆبوونەوەیەکی ئاشکرادا، گەڵاڵەیەکی دوو فەورییەتیی بە ناوی " بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ هەوڵە دوژمنکارانەکانی ئیسرائیل" کە لە دەستووری کاریدا بوو، تاوتوێ و پەسندی کرد.

هیچکام لە بەناو نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم ناڕەزایەتییان بەرانبەر بەو گەڵاڵەیە دەرنەبڕیوە و بەو پێیە دووفەورییەتەکە پەسند کراوە.

"عەلی لاریجانی"، سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، داوای لە کۆمیسیۆنی تەناهیی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەکیی ڕێژیم کردبوو کە بە زووترین کات ئەو تەرحە تاوتوێ بکات تا لە حەوتووی داهاتووەوە ببرێتە دەستووری کاریی دانیشتنی فەرمیی مەجلیس.

ئەو گەڵاڵەیە بەگشتی پێک هاتووە لە ١٤ خاڵ کە لەبەرگرەوەی: "قەدەغەکان، جەزاکان، سکاڵاکان و گەمارۆکان دژ بە ئیسرائیلـ"ـە و بەشی سەرەکیی گەڵاڵەکە پەیوەندیدارە بە بابەتە سیاسییەکانەوە.

بەپێی مادەی ١١ی ئەو گەڵاڵەیە، بەڕێوەبردنی هەر چەشنە کێبرکێ و ڕکابەرییەکی وەرزشی چ فەرمی و چ تەداروکاتی لەنێوان وەرزشوانان و تیمە وەرزشییە ئێرانییەکان لەگەڵ بەرانبەرە ئیسرائیلییەکانیان قەدەغە کراوە.

ئەو هەنگاوەی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ڕێژیم بۆ قەدەغەی فەرمیی بەرەوڕووبوونەوەی وەرزشوانە ئێرانییەکان لەگەڵ وەرزشوانە ئیسرائیلییەکان دەستێوەردانی ئاشکرای سیاسەت لە وەرزشدایە.

بەپێی پەسندکراوەکانی فێدراسیۆنی نێونەتەوەیی وەرزش و بەپێی یاساکانی کۆمیتەی نێونەتەوەیی ئولەمپیک و سەرجەم فێدراسیۆنە جیهانییەکان، خۆبواردن لە کێبرکێ بە هۆکاری سیاسییەوە قەدەغەیە.