کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران کە خۆی کۆرۆنای بڵاو کردەوە، باس لە شانازیی بەرەوڕووبوونەوەی ئەم پەتایە دەکات

12:52 - 31 بانەمەڕ 2720

لە حاڵێکدا کە ڕێژیمی ئێران خۆی هۆکاری سەرەکیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایە و لەپێناو بەرەوڕووبوونەوەیدا بەپێچەوانەی جیهان جووڵاوەتەوە، بەڵام باس لە شانازیی بەرەوڕووبوونەوەی ئەم پەتایە دەکات.

"محەممەد ڕەزا شانەساز"، سەرۆکی ڕێکخراوی خۆراک و دەرمان لە کۆبوونەوەیەکدا وتوویەتی: "لە حالێکدا کە تەواوی جیهان چاوەڕێ بوون کە لاوازیی ئێران لە قەیرانی کۆرۆنادا ببینن، بەڵام ئەو گۆڕەپانە بوو بە بەستێنی شانازی بۆ ئێران".

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم هەروەها وتوویەتی، پێش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرهەمهێنانی دەمامکی سێ لایە لە ڕۆژدا ١٢٠ بۆ ١٥٠ دانە بوو کە پاش بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا پێویستی بەو دەمامکانە ١٠ بەرابەر بووەوە کە بەرهەمهێنانی دەمامکی "٩٥N" لە ٥ هەزار دانە لە ڕۆژدا گەیشتووەتە ١٠٠ هەزار دانە.

"شانەساز" لە بەشێکی تر لە قسەکانیدا وتوویەتی کە هێزە چەکدارەکان لە دابینکردنی دەمامکی "٩٥N" و ٣ لایەدا هەموو توانای خۆیان بەکار هێناوە.

ئەم قسانەی ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لە حاڵێکدایە کە ڕێژیم بەوپەڕی بێکیفایەتییەوە قەیرانی کۆرۆنای لەسەر خەڵک چەند بەرابەر کردەوە و هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە لە دۆخێکی مەترسیداردایە.

باسکردن لەو شانازییە خەیاڵییە لە کاتێکدایە کە شارگەلێکی وەک: "کرماشان، خووزستان و سیستان و بەلووچستان" و زۆربەی شارەکانی دیکەش، دۆخیکی زۆر شپرزەیان هەیە.

هەروەها لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە ئێراندا قەیرانی دەمامک و کۆرۆنا بوونی هەبووە و هەیە و خەڵکێکی زۆر، بەتایبەت کادرە دەرمانی و پەرستار و پزیشکێکی زۆر، بەهۆی ئەو قەیرانەوە گیانیان لەدەست دا.

 ئەو ئیدعایەی ڕێژیم لە کاتیکدایە کە سپای تیرۆریستی پاسداران دەمامک و دەستەوانەکانی ئەو وڵاتەی قۆڕخ دەکرد و بە نرخێکی زۆر و لە بازاڕە ڕەشەکاندا بە خەڵکی دەفرۆشتەوە؛ هەروەها یارمەتییە جیهانییەکانیشی بە هەمان شێوە قۆڕخ دەکرد.