کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران کەرەستەی پزیشکی بە خەڵک دەفرۆشێتەوە

11:34 - 26 جۆزەردان 2720

لە کاتێکدا نەخۆشیی کۆرۆنا لە شارەکانی کوردستان بەردەوام قوربانی دەستێنێت، کادرە دەرمانییەکانی تەندروستیی پارێزگای سنە، بە پارەی خۆیان دەمامک و دەستەوانە دەکڕن.

بەرپرسانی تەندروستی لە پارێزگای سنە، هیچ هاوکارییەکی پەرستار و  کادرە دەرمانییەکانی شار و گوندەکانی پارێزگای سنە ناکەن و تەنانەت کەلوپەلی پزیشکی وەک دەمامک و دەستەوانەش بۆ بنکە تەندروستییەکان دابین ناکەن.

یەکێک لە کادرە دەرمانییەکانی بنکەیەکی تەندروستی لە پارێزگای سنە باسی لەوە کردووە، بەرپرسانی تەندروستیی ئەو پارێزگایە هیچ کەلوپەلێک بۆ کارمەندانی ئەو شوێنە دەرمانییە دابین ناکەن.

بەپێی قسەکانی ئەو کادرە دەرمانییە، ماوەی دوو مانگە دەمامک و دەستەوانە بۆ کادرە دەرمانییەکانی گشتیی بنکەی تەندروستیی ئەو پارێزگایە نەکڕدراوە و کادرە دەرمانییەکان خۆیان کەرەستەی تەندروستی دابین دەکەن.

بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، جگە لە دابینکردنی کەرەستەی تەندروستی، ژمارە تەلەفۆنێکیان بە کادرە دەرمانییەکانی پارێزگای سنە داوە کە جیا لە شیفتی کاریی خۆیان هەر کات پێویست بوو یان کەسانێکی تووشی کۆرۆنا بوون و داوای یارمەتییان کرد، بە هانایانەوە بچن.