کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران کەمیی بودجە بە خەڵک قەرەبوو دەکاتەوە

11:28 - 26 رێبەندان 2719

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران گوشاری خستووەتە سەر ئەو کەسانەی کە "کارتخوان"ـیان هەیە و پێیان گوتراوە کە دەبێ لە ماڵپەڕی ماڵیاتدا ناونووسی بکەن.

ڕێژیم لە قەیرانێکی جیددی ماڵی دایە، دەیهەوێ بە باج وەرگرتن لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا، کەمیی بودجەی خۆی قەرەبوو بکاتەوە.

داهاتی خەڵک بە نیسبەت ساڵانی ڕابردوو زۆر دابەزیوە و لە بەرانبەریشدا تێچووی ژیانێکی ئاسایی چەندین بەرانبەر بووە.

پێشتر تەنیا ئەو کار و پیشانەی کە پەروانەی "کەسب"ـیان بوو، ماڵیاتان لێ وەردەگیرا، بەڵام لە ئێستادا ڕێژیم، هەر کەس حیسابی بانکی و "کارتخوان"ـی پێ وەسڵ بێت، دەبێ ماڵیات بدا.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەفەرمی دانیان بەوەدا ناوە کە نەوت نافرۆشرێت و دەبێ بودجەی ساڵی داهاتوو لە جێگایەکی دیکەوە دابین بکەن.

وەرگرتنی بودجە لە خەڵک لە کاتێکدایە کە بەپێی خودی ئامارەکانی ڕێژیمی ئێران، زیاتر لە ٥٠ لەسەدی خەڵکی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.

لە لایەکی دیکەوە گەمارۆوە ئابوورییەکانی سەر ئەو ڕێژیمە ئابووریی ئەو وڵاتەی تووشی مایەپووچبوون کردووە.

ڕێژیم لە کاتێکدا بودجەی ساڵی داهاتووی پەسند کرد، کە دەبێ ئەو بڕە نەوتەی کە ئێستا دەیفرۆشێت، هەر بەرمیلێک بە ١٩٥ دۆلار بفرۆشێت، بەڵام ئێستا نرخی نەوت کەمتر لە ٥٠ دۆلارە.