کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران کەڵکاژۆی سیاسی لە وەرزش وەردەگرێت

11:53 - 19 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: دەستێوەردانە سیاسییەکانی ڕێژیمی ئێران لە کاروباری وەرزشیدا بووە بەهۆی هەڵاتنی یەکێک لە ڕاهێنەرانی دەرەکی لە ئێران و هەروەها بووەتە هۆی ناڕەزایەتیی لایەنگرانی وەرزش.

دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە کاروباری وەرزشیدا بوو بە هۆکاری چوونە دەرەوەی "ئاندرێ ئا ئێستراماچۆنی"، ڕاهێنەری ئیتالیایی یانەی "ئیستقلال" لە ئێران.

چوونەدەرەوەی ئەو ڕاهێنەرە ئیتالیاییە، بووەتە هۆی تووڕەیی لایەنگرانی فووتباڵ و بە ڕاوەستان و ناڕەزایەتی لە بەردەم باڵاخانەی یانەی "ئیستقلالـ"ـی ڕێژیم، دژ بە دەستێوەردانە سیاسییەکانی ڕێژیم و وەزیری وەرزشی ڕێژیمی ئێران دروشمیان دا.

ئەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە، بە هاتنی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم کێشرایە توندوتیژیدا و خۆپیشاندەران بڵاوەیان پێکرا.

"وریا غەفووری"، کاپیتانی کوردی ئەو یانەیە لە لێدوانێکدا، هۆکاری سەرهەڵدانی کۆی ئەو کێشانەی بە وەزارەتی وەرزش و وەزیری وەرزشی ڕێژیمی ئێران زانی و ڕایگەیاند کە ئەوان دەبێ وڵامدەر بن.

"وریا غەفووری" بەهۆی دەستێوەردانە سیاسییەکانی ڕێژیمی ئێران لە کاروباری وەرزشیدا، تەنانەت ئامادە بە وتووێژ لەگەڵ هەواڵنێری تەلەویزیۆنی ڕێژیم نەبوو.

"ئستراماچۆنی"، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەرییەکی وڵاتی ئیتالیا ڕایگەیاند: "بەجێهێشتنی ئێران بەهۆی کێشەی سیاسی بوو نەک کێشەی وەرزشی".

فێدراسیۆنی نێونەتەوەیی فووتباڵ، "فیفا"، ماوەیەک پێش ئێستاش هەڕەشەی لە ڕێژیمی ئێران کردبوو کە ئەگەر دەست لە دەستێوەردانە سیاسییەکانی لە کاروباری وەرزشیدا هەڵنەگرێت، تۆپی پێی ئێران هەڵدەپەسێرێت.

وەرزش لە ڕوانگەی ڕێژیمی ئێرانەوە پرسێکی بە تەواوەتی سیاسییە و بە زۆرەملێ پێش بە ڕووبەڕووبوونەوەی یاریزانان لەگەڵ یاریزانەکانی ئیسرائیل و ئامریکا دەگیرێت.

"ئیستقلال و پیرووزی"، دوو یانەی سەرەکیی ئێرانن کە ناوی ئەم دوو یانەیە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە گۆڕاوە.

یانەی "پیرووزی"، کە "پێرسپۆلیسـ"ـیشی پێ دەڵێن، نیشانەی بیرکردنەوەی فاشیستیی ڕێژیمی ئێرانە.

ئەو دوو یانەیە گرێدراوی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانن.