کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران گرووپێکی سایبێریی ڕەوانەی پارێزگای ورمێ کردووە

12:58 - 12 پووشپەڕ 2722

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا"، گرووپێکی سایبێریی سپای پاسدارانی ڕێژیم پێکهاتوو  لە ٥٠ کەس لە تارانەوە ڕەوانەی پارێزگای ورمێ کراون هەتا چالاکیی "کاناڵە تێلێگرامییەکان و ئینستاگرامـ"ـی هاووڵاتییان لەو پارێزگایە بخەنە ژێر چاوەدێرییەوە.

لەو ڕاستایەدا گرووپێک لەو هەکێرانە لە ئیدارەی موخابرات و حیفازەت ئیتلاعاتی شاری بۆکان جێگیر بوونە و "کاناڵە تلێگرامییەکان و ئینستاگرامـ"ـی هاووڵاتییانیان لەو شارە خستووەتە ژێر چاوەدێرییەوە.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوە کردووە کە هەتا ئێستا بۆ وەدەستخستنی زانیاری لەسەر کاناڵی تێلگرامیی "سۆفی ساڵە" زیاتر لە هەشت کەس لێپرسینەوەیان لێ کراوە.

بەپێی سەرچاوەی هەواڵ، بەشێک لەو کەسانەی سەبارەت بە کاناڵی تێلێگرامیی "سۆفی ساڵە" لێپرسینەوەیان لێ کراوە بریتین لە: "دوکتور شۆڕش حەیدەری خاوەن دەرمانخانە، علی حوسێن‌زادە بەرپرسی بنکەی تەندروستیی بۆکان، سلێمان فەیزی بەرپرسی پێشووی پەروەردە و بارهێنان، سامان قادری فەرمانبەری شارەداریی بۆکان".

بەپێی زانیارییەکان "ئەنوەر حەبیب‌زادە" بە ناو نوێنەری ڕێژیم لەو شارە هاوکاریی ئەو گرووپە سایبێرییە دەکات.

کاناڵی "سۆفی ساڵە" ئامانجی فێرکاریی زمانی کوردی و ڕوونکردنەوەی هاووڵاتییان بەنیسبەت کار و چالاکیی بەرپرسان لە ئۆرگانەکانی ڕێژیمدایە.