کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران گرووپێکی میلیشیایی بە ناوی "حوسێنیونـ"ـی لە ئازەربایجان دامەزراندووە

10:54 - 20 رەزبەر 2721

ماڵپەڕی "میدل ئیست مانیتۆر" بڵاوی کردووەتەوە کە سپای پاسداران خەریکی دامەزراندنی گرووپێکی ملیشیایی نوێ لەژێر ناوی "حوسێنیونـ"ـە و وێکچوویەکی زۆری لەگەڵ میلیشیا گرێدراوەکانی دیکەی، بەتایبەت گرووپی "حیزبوڵـڵا" هەیە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەو ماڵپەڕە، "حوسێنیون" تەواوی ئەو تایبەتمەندییە بنەڕەتییانەی هەیە کە ملیشیاکانی دیکەی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا و لەژێر ناوی "مێحوەری موقاومت" بە خەڵکی نیشان دەدەن، لەوانە: "ڕەنگی زەرد و سەوز، چەکێک کە لەنێو مستیاندا بە توندی دەیگوشن و ئاڵاکانیان".

ئەگەرچی "تاران" هەمووکات لە هەوڵی ئەوەدا بووە کە "شۆڕشی ئیسلامی" بۆ کۆماری ئازەربایجان هەناردە بکات، بەڵام هەتا ئێستا لەو پەیوەندییەدا سەرکەوتنێکی وای بەدەست نەهێناوە.

بە وتەی "میدل ئیست مانیتۆر"، هێزەکانی قودسی سپای پاسداران لە سەرەتای دەیەی نەوەدی زایینییەوە لە ئازەربایجان چالاک بووە، هەروەها بەشێک لە ئەندامانی پێشووی "حیزبی ئیسلامیی ئازەربایجان" بە کەڵک وەرگرتن لە چەکوچۆڵ و یارمەتییە ماڵییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران توانییان لە ساڵی ١٩٩٣ی زایینیدا "حیزبوڵڵای ئازەری" پێک بهێنن و لەناکاو هێرشیان کردە سەر باڵوێزخانەی ئامریکا لە "باکوو".

بەرپرسانی ئازەربایجان ساڵی ٢٠١٢، ٢٢ کەس لە ئەندامانی تۆڕێکی نایاسایی، کە لەژێر کۆنترۆڵی سپای پاسداراندا خەریکی "پیلان و ئەنجامدانی کاری تێرۆریستی دژی ئامانجەکانی ئیسرائیل و وڵاتانی ڕۆژاوایی" بوون، دەسبەسەر کرد.