کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران گرووپە تێرۆریستییەکانی لە سووریە دەباتە دەرەوە

12:36 - 9 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: وەزارەتی دەرەوی ئامریکا ڕایگەیاندووە کە بە هۆی گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، ئەو ڕێژیمە لە حاڵی بردنەدەرەوەی هێزەکانی حیزبوڵڵا لە خاکی سووریەیە.

ڕۆژی چوارشەممە، ٨ی جۆزەردان، وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا ڕایگەیاند: "گەمارۆکان، گرووپی تێرۆریستیی حەماس و سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانی تووشی کێشەی سەرەکی کردووە."

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە لایەن دەوڵەتی ئامریکاوە بڵاو بووەتەوە، پیشان دەدات کە گرووپە تێرۆریستییەکانی "حەماس" و "حیزبوڵڵا" ڕایانگەیاندووە کە بوودجەیان لە لایەن ئێرانەوە بڕاوە و بەم هۆیەوە ڕێژیمی ئێران دەیەوێت ئەم گرووپە تێرۆریستیانە لە خاکی سووریە بباتە دەرەوە.

پشتیوانییەکانی ڕێژیمی ئێران لە تێرۆریزم بەردەوام ناڕەزایەتیی وڵاتانی ناوچەکە و ڕۆژاوای لێکەوتووەتەوە و وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، ڕێژیمی ئێرانی بە یەکەم وڵاتی پشتیوانی تێرۆریزم لە جیهاندا ناساندووە.

دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە چوارچێوەی یارمەتی لە بواری چەکوچۆڵ، لە بواری ماڵی و هەروەها ڕاهێنانی سەربازی به گرووپە نیزامییەکان و زۆربوونی باندەکانی سیخوڕیی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی ناوچەدا، بەتەواوەتی بەرچاو و دیارە.

دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە کاروباری وڵاتانی ناوچە و پشتیوانی لە گرووپە تیرۆریستییەکانی ناوچە، بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەو ڕێژیمە ئێستا وەکوو گەورەترین پشتیوانی ماڵیی تیرۆریزم لە جیهاندا بناسرێت .

ڕیژیمی ئێران بە گەورەترین ڕێژیمی پشتیوانی تێرۆریست لە جیهاندا ناسراوە و لە ئێستادا بە هۆی گەمارۆکان، توانایی پشتیوانیی لەم گرووپانەی نەماوە و تەنانەت لە دابینکردنی بوودجەی تێرۆریستانی خۆی لە نێوخۆی ئێراندا، تووشی کێشەی جیددی بووەتەوە.