کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران گوشار بۆ سەر زیندانییانی سیاسی دێنێت

11:44 - 14 بەفرانبار 2721

لە زیندانی بۆکان بەرپرسی زیندانی ئەو شارە زیندانییانی سیاسیی لەگەڵ زیندانییانی تووشبوو بە ماددە سڕکەرەکان تێكەڵ کردووە.

بەپێی هەواڵێک کە لە شاری بۆکان بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" گەیشتووە، سەرۆکی زیندانی ئەو شارە بەندکراوانی ماددە سڕکەرەکان و زیندانییانی سیاسیی بە مەبەست تێکەڵ بە یەکتری کردووە.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوە کردووە پاش گواستنەوەی بەندکراوان لە بەندیخانەی کۆنی شار بۆ بەندیخانەی نوێی ئەو شارە، بەندی گیراوانی ماددە سڕکەرەکان و بەندی سیاسییەکان لێک جیا کرابووەوە و تەنانەت شوێنی هەواخۆریشیان لە یەکتر جیا بوو.

بەپێی ئەو زانیارییانە لە دوای ئەوەیکە "محەممەد ڕەحمانی" خوشکەزای "ع. پ" یەکێک لە خۆفرۆشەکان بووەتە سەرۆکی زیندانی ئەو شارە، بۆ گوشاری زیاتر و دروستکردنی کێشە و گرفت بۆ زیندانییانی سیاسی، بەندی گیراوانی ماددە سڕکەرەکان و زیندانییانی سیاسییان تێکەڵ بە یەکتری کردووە.

ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای مۆرەکانیەوە هەموو هەوڵی خۆی دەدا تا گوشار بۆ زیندانییانی سیاسی بێنێت و تا ئەو جێگایەی بۆی دەکرێ ئەوان گیرۆدەی ماددە سڕکەرەکان بکات.