"هوشەنگ بازوەند" پارێزگاری کرماشان لەگەڵ ئاخوند مەلا "قادر قادری" وێڕای چەندین کاربەدەستی دیکەی ڕێژیمی ئێران لە پاوە ڕۆیشتوونەتە ماڵی بنەماڵەی شەهیدان "موختار خەندانی، بیلال ئەمینی و یاسین کەریمی" و دوای لەژێر گوشارخستنیان بەیاننامەیەکیان بە ناوی ئەوان بڵاو کردووەتەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بە دەست ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" گەیشتوون، ئەو بەیاننامە کە بە ناوی بنەماڵەی ژینگەپارێز شەهید "موختار خەندانیـ"ـیەوە بڵاو کراوەتەوە، لە نێو بینای بەخشداریی شاری "نەوسوود" و لەلایەن بەخشدار و کارمەندێکی بەخشداری بە ناوی "ع. ا" نووسراوە.
شەهید "موختار خەندانی" و براییەکی بە ناوی "شاهڕوخ خەندانی" لە نەورۆزی ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی پاش خۆپیشاندانەکانی شاری نەوسوود لەمەڕ ناڕەزاییەتی بە کوشتن و بریندارکردنی چەند گەنجێکی شاری نەوسوود لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و پاش ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆر بە فەرمانی مەلا "قادر قادری" و فەرمانداری ئەو کاتی شاری پاوە؛ سەری شەهید موختار وەک ڕێکخەری ئەو خۆپیشاندانەیان دژ بە ڕێژیم تاشی و لە نێوشاری پاوەدا گێڕایانن.
بەپێی زانیارییەکان، هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لە ڕێگای بەکرێگیراوێک بە ناوی "خالید" لە ڕۆژانی ڕابردوودا گوشارێکی زۆریان خستووەتە سەر بنەماڵەی شەهیدان و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی شاری پاوە کە دژ بە حیزبی دێموکرات هەڵویست بگرن.
لەو بەیاننامە چەواشەکارییەدا کە بە ناوی بنەماڵەی شەهیدانی ژینگەوە بڵاو کراوەتەوە هاتووە کە هەندێک میدیا و کاناڵ، هەواڵەکە بە دەنگۆ و خەبەری ناڕاست گەورە پیشان دەدەن.
هاوکات لەو بەیانییە پڕ لە چەواشەکارییەدا دژایەتیی دەزگاکانی ڕێژیم لەگەڵ حیزبەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران دووپات کراوەتەوە .
گوشاری ڕێژیمی ئێران بۆ سەر بنەماڵەی شەهیدانی ژینگە لەکاتێکدایە کە ڕێژیم ئیزنی نەداوە ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لەو شەهیدانە لە شارەکانی کوردستان بەڕێوە بچێت و تەنانەت ڕێگەی نەدا؛ بنەماڵەی شەهیدەکان بە ڕێوڕەسمی خەڵکیەوە تەرمی ڕۆڵەکانیان بنێژن.