کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران گوندی "ئابپەدە" لە لوڕستان چۆڵ دەکات

11:05 - 11 بەفرانبار 2720

گوندی "ئابپەدە" سەر بە شاری "پۆلدوختەر" لە لوڕستان بڕیارە لەلایەن ڕێژیمەوە بە بیانووی هاتنی جاڵە لە چیاکانی نزیک ئەو گوندە، چۆڵ بکرێت.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران لە شاری "پۆلدوختەر" ڕایانگەیاندووە، بەهۆی ئەوەیکە گوندی "ئابپەدە" لە شوێنێکی مەترسیدار هەڵکەوتووە و ئەگەری هەیە هاتنی جاڵە لە چیاکان زیان بە خەڵکی ئەو گوندە بگەیەنێت، بڕیارمان داوە ئەو گوندە ڕاگوازین.

ئەو بڕیارەی ڕێژیمی ئێران تەنیا بیانوویەکە بۆ ڕاگواستنی ئەو گوندە و تێکدانی جوغرافیای ئەو پارێزگایە.

بەپێی زانیارییەکان ئەو گوندە لە بواری کانگا و سەرچاوە سروشتییەکان دەوڵەمەندە و ئەو بڕیارەی ڕێژیم تەنیا بیانوویە بۆ چۆڵکردنی گوندەکە.

پارێزگای "لوڕستان" ١٨ کانگای تێدا هەڵکەوتووە کە گرینگترینی ئەو کانگایانە بەردی "زینەتی، چینی، گەوهەر و گرانیتـ"ـە.

هاوکات لە خودی شاری پۆلدوختەر کانگای "قیری سروشتی، تالک، گەچ و کەربوونانی کەلسیۆم" هەڵکەوتووە.

گوندی "ئابپەدە" ٣٠ بنەماڵەیە و لە ٥٠ کیلۆمیتریی بەخشی "مەعموولان" هەڵکەوتووە.