کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران گیرفانی خەڵک دەتەکێنێت

13:54 - 22 گەلاوێژ 2720

گەڵاڵەی فرۆشتنی نەوتی ئێران بە خەڵکی وڵاتەکەی لەپیناو وەرگرتنی زێڕ و دۆلار لە بازاڕی بوورسی وزەدا پەسند کرا و چاوەڕێی پەسندی کۆتایی ڕێبەری ڕێژیمە.

"حەسەن ڕووحانی" سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ٢١ی گەلاوێژ، باسی لە پەسندکردنی گەڵاڵەی فرۆشی نەوت لە بوورسی ناوخۆیی وزەدا کردووە.

ئەو گەڵاڵەیە لەلایەن سێ دەزگای "دادوەری، جێبەجێکاری و یاسادانانـ"ـەوە پەسند کراوە و چاوەڕێی پەسندی کۆتایی لەلایەن "عەلی خامنەیی" ڕێبەری ڕێژیمی ئێرانەوەیە.

فرۆشی نەوت بە خەڵک ڕێکارێکی ڕێژیمە بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمیی بوودجە و ڕاکێشانی نەختینەیی بە لە بارودۆخی گەمارۆکاندا.

"حەسەن ڕووحانی" ئیدعای کردووە: "گەڵاڵەی فرۆشتنی ناوخۆیی نەوت لە بازاڕی بوورسی وزەدا لە ڕیزی گەڵاڵەی خەڵک تەوەرەکاندایه و هەوڵێکی کاریگەر لەپێناو سەقامگیرکردنی بازاڕی سەرمایە و بوورسە و هەنگاوێکی گرینگ بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ گەمارۆی نەوتیی دوژمنانە".

ئەو گەڵاڵەیە بە پێچەوانەی قسەکانی ڕووحانی تەنیا بۆ پڕکردنەوەی گیرفانی ڕێژیم بە بەتاڵکردنەوەی گیرفانی خەڵکە، بە شێوازێک کە خەڵک توانای فرۆشتنەوەی نەوتی خاویان بە دەرەوە نابێت و سەرەنجام دەبێ نەوتەکە بە نرخێکی کەمترەوە بە ڕێژیم بفرۆشنەوە.

ماڵپەڕێکی سەر بە ڕێژیم بڵاوی کردووەتەوە لەو گەڵاڵەیەدا ٢٢٠ میلیۆن بۆشکە نەوت لە مەودای یەک ساڵدا دەفرۆشرێت، بە پێناسەیەکی دیکە ڕۆژانە نزیکەی ٦٠٠ هەزار بۆشکە نەوت لەڕێگای بوورسەوە مامەڵەی پێ دەکرێت.

ئەگەر سەرجەم ئەو پێشبینییانە بەڕێوە بچێت، ڕێژیم دەتوانێت لەو ڕێگایەوە ١٩٠ هەزار میلیارد تمەن لەڕووی ماڵییەوە دابین ببێت و بەشێک لە کەمیی بوودجەکەی قەرەبوو بکاتەوە.

ڕێژیمی ئێران بەردەوام و بەتایبەت لەماوەی چڕتربوونەوەی گەمارۆکاندا و قەیرانی ئابووریی نێوخۆییدا لە هەموو ڕێکارێک بۆ پڕکردنەوەی گیرفانی خۆی کەڵک وەردەگرێت و ڕۆژ بە ڕۆژ خەڵک زیاتر دەچەوسێنێتەوە و سفرەکانیان بەتاڵ دەکات.