کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران: گەورەترین و پێشکەوتووترین دێموکراسیمان لە جیهاندا هەیە

12:27 - 5 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەست لە چەواشەکاری هەڵناگرن و ڕوو لە خەڵک و کۆمەڵگای جیهانی حاشا لە ڕاستییەکان دەکەن.

لە دوای ئەوەی کە، "جاوید ڕەحمان"، ڕێپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ماوەی مەئمووریەتەکەی بۆ ئێران درێژ کرایەوە، کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران وەک هەمیشە دژکردەوەی توندیان لە خۆ نیشان دا.

لەو پێوەندییەدا، دەزگای قەزاییی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، ئیدعای کردووە کە لە ئێران زیاتر و پێشکەوتووتر لە ڕۆژئاوای ئاسیا و جیهاندا دێموکراسی هەیه.

هاوکات ستادی مافی مرۆڤی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بە سەرۆکایەتی "محەممەدجەواد لاریجانی"، دوای درێژکردنەوەی مەئمووریەتی ڕێپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤ، بە توندی هێرشی کردووەتە سەر ئەو بڕیارەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەوەی بە کارێکی  "ناشەرعی، بێجێ و بە فێڵبازیی سیاسی" وەسف کرد.

دەزگای قەزاییی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، هەڵسوکەوتی ڕێپۆرتێرانی تایبەت بە مافی مرۆڤی، بە دژی یاسا و بە کارێکی شەیتانی و شانۆیەکی شەرمەزارانە ناو بردووە.

ئەو ستادەی ڕێژیم باسی لەوەش کردووە، ڕێپۆرتێرانی مافی مرۆڤ بێ ئەوەی کە لە چوارچێوەیەکی ڕووندا کار بکەن، هاوکاری لەگەڵ تێرۆریست و جەنایەتکارەکان دەکەن و کۆمەڵێک تۆمەتی دیکەی خستووەتە پاڵ ڕێپۆرتێرانی مافی مرۆڤەوە.

ستادی مافی مرۆڤی ڕێژیمی ئێران، سەر بە دەزگای قەزایییە، کە لە سەرەتای دامەزرانی لە دەیەی ٨٠ هەتا ئێستە لە دەستی محەممەدجەواد لاریجانییه.

"جاوید ڕەحمان"، ڕێپۆرتێری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بواری مافی مرۆڤ لە ئێراندا، لە ڕاپۆرتەکانی خۆیدا بەردەوام بڵاوی کردووەتەوە، دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێرانی ژێردەسەڵاتی ئەو ڕێژیمە نالەبارتر بووە و باسی لە بەرزبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان بە هۆی کێشەی ئابووری، ئێعدامی منداڵان، سەرکوتی کەمینە ئایینییەکان و هتد کردووە.