کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران گەڵاڵەی دروستکردنی ئینترنێتی نیشتمانیی هەیە

11:16 - 10 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران پڕۆژەی دروستکردنی ئینترنێتی نیشتمانیی هەیە و ئەمەش بە مەترسیەکی جیددی بۆ سەر ئازادی ئینترنێتی و سیخۆڕییکردنی ئاسانتر لەسەر بەکارهێنەرانی ئینترنێت لە ئێراندا هەژمار دەکرێت.

سەرەڕای هەموو بەربەست و فیلتێرکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێراند لە لایەن ڕێژیمەوە سەرکەوتوو نەبوون لە پێشگرتن بە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەو وڵاتەدا، ڕێژیمی ئێران لەم ساڵانەی دواییدا چەندین هەوڵی دروستکردنی ئەپ و تۆڕە کۆمەڵایەتییگەلکی خۆی داوە و ئەمەش تێچوویەکی چەند سەد میلیارد دۆلاری بۆ ڕێژیم تێچووە کە دیسان بەم حاڵەشەوە، تووشی دۆڕان بووە و تەنیا ٤ لەسەدی خەڵکی وڵاتی ئێران ئەپە نێوخۆییە دروستکراوەکانی ڕێژیم بەکار دەهێنن، کە ڕێژە کەمەش سەرانی ڕێژیم و پێرسۆنێلی باڵای ئەو ڕێژیمەن.

ڕێژیم، لەم بارەیەوە و لە نوێترین بەرنامەی خۆیدا، لەبەرانبەر ئینرنێتی جیهانیدا هەوڵی دروستکردنی ئینترنێت و پێکهاتەیەکی فایرۆواڵ دەدات و بۆ ئەم مەبەستەش پڕۆژەیەکی لە ژێر نێوی "ئینترنێتی نیشتمانی" ئامادە کردووە، کە نیگەرانی کاربەدەستان و بەرپرسانی باڵای ئامریکا و حکوومەتەکەی "دانڵد ترامپـ"ـی لێ کەوتووەتەوە.

لەم پەیوەندییەدا، وتەبێژێکی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، بە بەشی فارسیی دەنگی ئامریکای ڕایگەیاندووە؛ ئامریکا نیگەرانە لەوەی کە هەوڵە نوێیەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ دروستکردنی ئینترنێتی نیشتمانی و دانانی "ڕایەڵەیەکی نیشتمانیی زانیاری" (شبکە ملی اطلاعات)، چونکە سەرکوتی ئازادیی ئینترنێتی لە لایەن ئەو ڕایەڵە سیخۆڕییەی ڕێژیمەوە، لە ئێراندا زیاتر دەبێت و زۆرتر پەرە دەستێنێت.

هەر لەم پەیوەندییەدا، ڕۆژی پێنجشەممە، ۲۳ی مەی بەرانبەر بە ۲ی جۆرەردان، وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئامریکا، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە؛ "ئەو وڵاتانەی کە لە هەوڵی وەها پڕۆژەگەلێکدان، بە هۆکاری پەککەوتن و تەنگاوبوون پەنا بۆ ئەو کارانە دەبەن و ڕووبە جیهان نیشان دەدەن کە لە خەڵکی خۆیان ترسیان هەیە"

هەروەها، نۆرمەن ڕۆڵ (نورمن رول)، بەرپرسی پێشووی هەواڵگریی نیشتمانیی ئامریکا بۆ کاروباری ڕێژیمی ئێران، لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئامریکا، ڕایگەیاندووە؛ ڕێژیمی ئێران تاکوو ساڵی ۲۰۰۶ی زایینی، ئینترنێتی وەکوو نفووز و دزەی فەرهەنگی بیگانە و دەرەکی چاو لێ دەکرد، لەو کاتەدا دژبەران و خەڵکی ئێران بە گشتی مافی بەکارهێنانیان نەبوو، لە ڕاستیدا ئامانجی ڕێژیم بێدەنگکردنی دژبەران و ناڕازییانی ئێرانی بوو.

بەپێی قسەکانی ئەو بەرپرسەی ئامریکا، لە کاتێکدا بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا، بە ڕوانگەیەکی دزەکردنی بێگانەوە چاویان لە بەکارهێنانی ئینرنێت لە ئێراندا دەکرد، لە ئێستا هەموو بەرپرسانی باڵا و خوارەوەی ئەو ڕێژیمە، هەموو تۆڕە کۆمەڵایەتییە جیهانییەکان بەکار دەهێنن.