کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران یارمەتییەکان بەتاڵان دەبات

12:53 - 24 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران ئەو یارمەتییانەی کە بۆ لافاولێدراوان نێردراون، بە دەستی لێقەوماوانی ناگەینێت.

پاش هاتنی لافاو لە شارەکانی کوردستان و ئێراندا، بەتایبەت لە پارێزگاکانی لوڕستان و ئیلام کە بووە هۆی ماڵوێرانیی خەڵکی ئەو پارێزگایانه، هەڵمەتی کۆکردنەوە و بەخشینی یارمەتی بە لافاولێدراوان لە لایەن خەڵکی ئێران و وڵاتانی دەرەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، پەرەی سەندووە، بەڵام ڕێژیمی ئێران ئەم یارمەتییانە بە دەستی لێقەوماوان ناگەینێت.

تەلەفزیۆنەکانی وڵاتی کوەیت بڵاویان کردووە، کە دەولەتی کوەیت یارمەتی بۆ لافاولێدراوانی پارێزگای خووزستان بەڕێ کردووە، بەڵام هیچ هەواڵێک لە گەیشتنی ئەم یارمەتییانە بە خەڵک لە بەردەستدا نییە.

هەروەها ڕێژیمی ئێران ئەو یارمەتییانەی کە وڵاتی فەڕانسە بۆ لافاولێدراوانی ناردووە، دەستی بە سەردا گرتووە.

هەر لەم پەیوەندییەدا، لە گومرۆکی پەرویزخانی کرماشان، ‌کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئیران، پێشیان بە یارمەتییەکانی خەڵکی کوردستانی باشوور گرتووە و نەیانهێشتووە ئەو یارمەتییانە بە دەستی خەڵكی لافاولێدراو بگات.

هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هیلال ئەحمەری ڕێژیمی ئێران، لە چەندین شار ئەو خێوەتانەی کە خەڵک بۆ یارمەتیدان به خەڵکی لافاولێدراو دایان نابوون، کۆیان کردوونەتەوە و لە "سایتی دیوار" بۆ فرۆشتنی دانابوون.

هاوکات بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بیانووی ئەوەیان هێناوەتەوە، کە گەمارۆوە ئابوورییەکانی ئامریکا بووەتەوە هۆی ئەوەی کە ئێمە نەتوانین بە هانای خەڵکەوە بڕۆین.

ئەم ئیدعایەی بەرپرسانەی ڕێژیم لە حاڵێکدایە، کە جیا لەوەی کە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان نادەن، پێش به یارمەتییەکان دەگرن و ئەو یارمەتییانە زەوت دەکەن و بۆ ئامانجەکانی خۆیان لە وڵاتانی دیکە کەڵکی لێ وەردەگرن.