کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران ئیتر تواناییی دابینکردنی بوودجەی تێرۆریستانی نییە

11:27 - 5 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران، ئیتر تواناییی دابینکردنی بوودجەی "حەماس" و "حیزبوڵڵا" و فەرماندەیی سایبریـ"ـی نییە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە لایەن دەوڵەتی ئامریکاوە بڵاو بووەتەوە، پیشان دەدات کە گرووپە تێرۆریستییەکانی "حەماس" و "حیزبوڵڵا" ڕایانگەیاندووە، کە بوودجەیان لە لایەن ئێرانەوە بڕاوە.

هەروەها فەرماندەیی سایبریی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: کە بوودجەیان بەتەواوەتی کەم بووەتەوە و ئەمە بووەتە کۆسپێکی جیددی لە هەمبەر چالاکییەکانیاندا.

هەر لەم پەیوەندییەدا، کاناڵی میدیایی "فاکس نیووز"، ڕۆژی هەینی، ٣ی جۆزەردان، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە گرووپە تێرۆریستییەکانی ڕاگەیاندووە، کە ئیتر چاوەڕێی یارمەتییە ماڵییەکانی ڕێژیمی ئێران نەبن و بە دوای سەرچاوەی تردا بگەڕێن.

پاش کشانەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە بەرجام و گەڕاندنەوەی گەمارۆوەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، داهاتی نەوتی و غەیرەنەوتیی ئەم ڕێژیمە بەتەواوەتی نزم بووەتەوە و تواناییی ئەم ڕێژیمەی بۆ پشتیوانی لە گرووپە تێرۆریستییەکانی ناوچەکە لاواز کردووە و تەنانەت بوودجەی هەندێکیانی بڕیوە.

ڕیژیمی ئێران بە گەورەترین ڕێژیمی پشتیوانی تێرۆریست لە جیهاندا ناسراوە و لە ئێستادا بە هۆی گەمارۆوەکان، تواناییی پشتیوانیی لەم گرووپانەی نەماوە و تەنانەت لە دابینکردنی بوودجەی تێرۆریستانی خۆی لە نێوخۆی ئێراندا، تووشی کێشەی جیددی بووەتەوە.