کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران ئیدعای ئەوە دەکات کە هاوکاریی بوومەلەرزەلێدراوانی "کرماشانـ"ـی کردووە

17:37 - 12 رەشەمه 2720

"هووشەنگ بازوەند" پارێزگاری کرماشان وتوویەتی: "دەوڵەت سەرەڕای هەموو گەمارۆ و کێشە ئابوورییەکان زۆر بە باشی توانیویەتی ڕەوتی سەرنیاکردنەوەی بوومەلەرزەلێدراوانی کرماشان بەرەو پێش ببات".

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم وتوویەتی، زۆرجاران کە قەیرانێک دێته پێشەوە خەڵک تووشی هەژاری، کۆچکردن و قەیرانی بێکاری دەبن. بەڵام ئێمە لە دوای بوومەلەرزەی ساڵی ٩٦ لە پارێزگای کرماشان بەپێچەوانە توانیمان چەندین هەزار خانوو دروست بکەین و لە گوندەکانی بوومەلەرزەلێدراویش هیچ کەس تووشی کۆچکردن نەبوون.

ناوبراو هەروەها جەختی کردووەتەوە، لەو بوومەلەرزەیەدا هەموو کاربەدەستەکانی دەسەڵات هاوکار و هاوخەمی خەڵک بوون.

یەکەمین بوومەلەرزە کە لە پارێزگای کرماشان، لە شارەکانی سەرپێڵی زەهاو و دەوروبەری ڕوویدا لە ساڵی ٩٦ بوو کە قوربانیبوون و ئاوارەیی خەڵکی بێدەرەتانی ئەو ناوچەیەی لێکەوتەوە.

دوای تێپەڕینی چەند ساڵ لەو بوومەلەرزەیە هەتا ئێستاش بەرپرسانی ڕێژیم تەنانەت نەیانتوانیوە خانووبەرە بۆ ئەو خەڵکە نۆژەن بکەنەوە، یان خزمەتگوازرییە گشتی و تەندروستییە پێوەرمەندەکان بەو خەڵکە بگەیەنن.