کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران ئیزنی بە بەڕێوەچوونی نوێژی جێژنی بە سونییەکان نەدا

13:06 - 15 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران، ڕێگایان نەداوە سونییەکانی شاری تاران، لە شوێنی نوێژکردنی سونی مەزهەبەکان، نوێژی جێژن بکەن.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٥ی جۆزەردان، مەحموود سادقی بەناو نوێنەری خەڵک لە مەجلیسی ڕێژیمدا، لە لاپەڕەی تویتێرەکەیدا نووسیەتی: هێزە ئەمنییەتییەکان، ڕێیان نەداوە نوێژی جێژن لە شوێنی نوێژکردنی سونی مەزهەبەکانی "یافت ئابادی" تاران بەڕێوە بچێت.

ناوبراو لە بەشێكی دیکەی تویتەکەیدا نووسیویەتی: هێزە ئەمنییەکان نەک هەر ئیزنیان بە بەڕێوەچوونی نوێژی جێژنی موسڵمانانی سونی مەزهەب نەدابوو، بەڵكوو نەیانهێشتبوو نوێژی بەیانیش بکەن. لە کاتێکدا کە پێشتر ناوەندە ئەمنییەتییەکان ئیزنی بەڕێوچوونی نوێژی جێژنیان لە شوێنی نوێژکردنی سونی مەزهەبەکان دابوو.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، ئیزنی دروستکردنی مزگەوتی تایبەت بە سونی مەزهەبەکان لە شاری تاران "پێتەختی ڕێژیمی ئێران" نادەن و تەنانەت ڕێ لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمە تایبەتەکانیان دەگرن.

ڕێژیمی کۆنەپەرستی تاران، هەر چەشنە بیرێکی جیا لە ئیدئۆلۆژی و یاساکانی خۆی بە هەڕەشە بۆ سەر دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکەی دەزانێت و بە سەرکوتکردنی بیر و باوەڕە جیاوازە ئایینی، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان هەوڵی مانەوەی خۆی دەدات.

هەر لەم ڕاستایەدا ساڵی ڕابردوو، هێزە نیزامییەکان، لاوێکی یارسانیی بە ناوی "سەید ڕامین حوسێنی"  دەسبەسەر دەکەن و بەبێ هیچ ڕوونکردنەوە و هۆکاریەک لە زینداندا لە سێدارەی دەدەن.