کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئەسەد هێرش بۆ سەر حەلەبی خستە ئەستۆی دژبەرانی حکوومەتەکەی خۆیەوە

11:58 - 5 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی بەشار ئەسەد لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی سانا کە نزیک لە خۆیەتی ڕایگەیاند کە شەوی شەممە، ٣ی سەرماوەز، دژبەرانی ئەسەد هێرشی شیمیاییان کردووەتە سەر شاری حەلەب و لە ئاکامدا زیاتر لە سەد کەس ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.

سەرانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد ڕۆژی یەکشەممە، ٤ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاوی، داوایان لە وڵاتە ڕۆژاواییەکان و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە ئەم هێرشانە مەحکووم بکەن؛ ئەوان هەروەها خوازیاری سزادانی گرووپە دژبەرەکانی ئەسەد و پشتیوانەکانیان بوون.

دژبەرە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئەسەد، لەوانە "جبهەی میللی ئازادیبەخش" ئەم تۆمەتەیان ڕەت کردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە چەکی شیمیاییان لە بەر دەستدا نییە.

دژبەرانی ڕێژیمی ئەسەد ئەو هەوڵەی ڕێژیمی سووریەیان به بەستێنسازی بۆ هێرش کردنە سەر بنکەی دژبەرانی خۆی زانیوە؛ ئەوان لە سەر ئەو بڕوایەن ئەو هێرشە کاری خودی ڕێژیمی ئەسەدە.

بە پێی ڕاپۆرت و هەواڵە بڵاوکراوەکان لەم هێرشەدا لە گازی کۆلۆر کەڵک وەرگیراوە کە کێشە بۆ هەناسە و پێست درووست دەکات.

قسە و هەڵوێستەکانی ڕێژیمی سووریە لە حاڵێکدایە کە ئامریکا و ناوەندەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان باس لەوە دەکەن کە ڕێژیمی ئەسەد لە دوو هێرشی شیمیایی ڕابردوو بۆ سەر دژبەرانی خۆی لە دوو ساڵی ڕابردوودا دەستی هەبووە.

لە مانگی خەرمانانی ئەمساڵدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا سەبارەت بە بەکارهێنانی چەکی شیمیایی هۆشداریی بە ڕێژیمی ئەسەد دابوو.

نیکی هێلی، باڵوێزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا سەبارەت بە پشتیوانی لە ڕێژیمی ئەسەد لەمەڕ دابینکردنی چەکوچۆڵی شیمیایی و هەڵگیرساندنی ئاژاوە لە ناوچەکەدا هۆشداریی بە ڕووسیە و ئێران داوە.

 هەر لەم پێوەندییەدا، کێنت وارد نوێنەری ئامریکا لە ڕێکخراوی ڕێگری کردن لە چەکی شیمیایی کۆماری ئیسلامی بەوە تۆمەتبار کرد کە سەبارەت بە دامەزراوەکانی بەرهەمهێنەری گازە شیمیاییەکانی وڵاتەکەی هیچ ڕاپۆرتێکی بە ڕێکخراوی ئاماژەبۆکراو نەداوە و ئەمەش بەواتای پێشێلکردنی پەیمانی ڕێگری کردن لە پەرەسەندنی چەکی شیمیاییە.