کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژێمی ئێران ئاندرۆید سیخوڕی دروست دەکات

11:53 - 23 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە نوێترین هەوڵی خۆیدا بۆ سیخوڕیکردن و چاوەدێریی بەسەر بەکارهێنەرانی پێکهاتەی ئاندرۆید لە ئێراندا، ‌بەرنامەیەکی سیخوڕی نوێ بە ناوی "ئاندرۆید ئێرانی" دروست دەکات.

ڕێژیمی ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا و لە سەردەمی تێکنۆلۆژی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بە فیلتێرکردنی ئەپەکان، هەردەم هەوڵی داوە گەورەترین بەربەست بۆ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە وڵاتی ئێراندا دروست بکات و بەو حاڵەشەوە هەموو کات لە هەوڵی هەککردنی تۆڕە کومەڵایەتییەکانی خەڵک لە ڕێگای مۆرە سیخوڕەکانییەوە بە ئەپە دروستکراوەکانی خۆی بووە، بۆ ئەم مەبەستەش ئەپ و تۆڕە کۆمەڵایەتیگەلێکی جۆراوجۆری دروست کردووە کە کۆمپانیا نێونەتەوەیییەکان تا ئاستێک پێشیان بەو زیادەڕەوییانەی ڕێژیم گرتووە.

لەم بارەوە، ڕۆژی یەکشەممە ۲۲ی خاکەلێوە، "محەمەدجەواد ئازەری جێهرۆمی"، وەزیری تێکنۆلۆژیی (ارتباطات و فناوری اطلاعات) ڕێژیمی ئێران، لە کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی پیشەسازی و کانگاکانی (صنایع و معادن) مەجلیسی ڕێژیم، ڕایگەیاندووە، کە ڕێژیمی ئێران لە هەوڵی دروستکردنی بەرنامەیەکی نوێ بە ناوی "ئاندرۆید ئێرانی"  (iranandroid) بۆ موبایلی ئاندرۆیدی بەکارهێنەرانی ئێرانە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم ڕایگەیاندووە: ئامانج لە دامەزراندنی ئەو بەرنامەیە بەربەرەکانێیە لەگەڵ ئەگەری سڕینەوە و یان هەککردنی بەرنامەکانی موبایلی هاووڵاتییانی ئێرانی لە لایەن کۆمپانیا فرۆشیارەکانی بەرنامە دەرەکییەکانە.

لەم پەیوەندییەدا، "جەواد حوسێنی کیا"، ئەندامی هەیئەتی سەرۆکایەتی کۆمیسیۆنی پیشەسازی و کانگاکان (صنایع و معادن) لە مەجلیسی ڕێژیمدا، ڕایگەیاندووە: لە ماوەی ڕابردووش لە وڵاتی ئێراندا، بۆ مۆبایلە دروستکراوەکانی ئێران، لە جیاتی گەڕانی گووگڵ، مۆتۆری گەڕانی (موتور جستجوگر) "پارسی‌جوو"مان دروست کردووە، کە دەتوانێت پشتیوانی لە ۸ میلیۆن لاپەڕە بکات.

قسەکانی ئەو نوێنەرە دەستنیشانکراوەی ڕێژیم لە مەجلیسدا، ئەو بانگەشە بێبنەمانەی خودی ڕێژیم ڕەت دەکاتەوە، کە ئەو ڕێژیمە تواناییی دروستکردنی جۆرەکانی موبایلی هەیە و ساڵانە چەندین میلیۆن موبایلی جۆراوجۆر دروست دەکات و ئەوە ڕاستییە دەر دەخات، کە ڕێژیمی ئێران ساڵانە تەنیا توانایی ۸ میلیۆن موبایلی هەیە و ئەوەش لە کاتێکدایە، کە لە ڕووی موبایلی کۆمپانیا بیانییەکان کۆپییان دەکات.