کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژەی ئاوی سەرچاوە ئاوییەکانی پارێزگای "لوڕستان" ٤٩ لەسەد کەمی کردووە

13:31 - 19 بانەمەڕ 2722

"مەهدی پازووکی" سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی قەیرانەکانی ڕێژیم لە پارێزگای "لوڕستان" وتوویەتی کە لەگەڵ کەمبوونەوەی ٤٩ لەسەدیی ڕێژەی ئاوی سەرچاوە ئاوییەکانی پارێزگا؛ پاشەکەوتی ئاوی بەنداوەکانی ئەو پارێزگایه لەچاو ساڵی ڕابردوو ٣٦ لەسەد کەمی کردووە.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی "لوڕستان" لە نێوان دوو ڕووباری گەورە و پڕئاوی "کاروون" و "کەرخە" هەڵکەوتووە. ٥٩ لەسەدی ڕووبەری پارێزگا لە ئاراستەی ڕووباری "کەرخە" و بەشەکەی دیکە لە ئاراستەی ڕووباری "کاروونـ"ـدایە.

ناوبراو باسی لەوەش کردووە کە نێونجی بارین لەسەر ڕووبارەکە لە مانگی ڕەزبەری١٤٠٠  تا کۆتایی مانگی خاکەلێوەی ١٤٠١،  ١٢ لەسەد لەچاو ساڵی ڕابردوو کەمی کردووە و لە درێژماوەدا ٢٧ لەسەد ئاوەکەی کەمی کردووە.

ناوبراو هەروەها ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە ڕووباری "کاروون" لەچاو ساڵی ڕابردوو ١٣ لەسەد و لە درێژماوەدا ١٩ لەسەد ئاوەکەی کەم بووەتەوە.

سەرچاوە ئاوییەکانی پارێزگای "لوڕستان" لە درێژماوەدا ٤٩ لەسەد ئاوەکەیان کەم بووەتەوە کە لەو نێوانەدا ڕووباری "کەرخە" ٦٠ لەسەد و ڕووباری "کاروون" ٢٤ لەسەد کەمیی ئاوییان هەبووە.

بارستایی ئاوی پشتی بەنداوەکانی پارێزگای لوڕستان ٣٧ لەسەدە کە لەچاو ساڵی ڕابردوو ٣٦ لەسەد کەم بووەتەوە.