کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژەی بێکاری لە پارێزگای "سنە" هەتا دێت زیاتر پەرە دەستێنێت

12:15 - 27 خەزەڵوەر 2720

ئاماری بێکاری لە پارێزگای "سنە" ڕۆژانە پەرە دەستێنێت و ئیتر خەڵکی ئەو پارێزگایە لە بەڵێنییەکانی بەرپرسانی ڕێژیم هیوابڕاو بوونە و بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانیان ناچار دەبن ڕوو بکەنە کۆڵبەری.

لە دوای هاتنی کۆرۆنا لە کوردستان و ئێران ڕێژەی بێکاری لە پارێزگای "سنە" زۆر زیاتر بووە و دۆخی کرێکاران ڕۆژ بە ڕۆژ خەراپتر دەبێت.

هەرچەند پێش هاتنی کۆرۆناش دۆخی کرێکارانی کوردستان باش نەبووە بەڵام کۆرۆنا بووە هۆی داخستنی زۆرێک لە کارگە و کارەکان لەو پارێزگایە و زۆر کرێکار بێکار بوونە.

پارێزگای "سنە" پارێزگایەکی پیشەیی نییە و کرێکاران لە دوای بێکاربوون ناچار دەبن ڕوو بکەنە کۆڵبەری و زۆر جاریش هەیە سنوورەکان دادەخرێن و ئەوەش کێشە و گرفتی کرێکاران و بێکارانی ئەو پارێزگایەی زیاتر کردووە.

بێکاری لە پارێزگای "سنە" لە کاتێکدایە کە بەپێی ئامارەکانی ڕێژیمی ئێران ئەو پاریزگایە یەکێک لە گرانترین پارێزگاکانی ئێرانە و هەموو نرخی کەلوپەلە خۆراکییەکان بەنیسبەت پارێزگاکانی دیکەی ئێرانەوە گرانترن.