کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژەی بێکاری و ئاستی گرانی لە ئێراندا ڕوویان لە هەڵکشانە

13:01 - 25 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: بێکاری و گرانی دوو بەرهەمی ڕێژیمی ئێرانن، کە ڕۆژ بە ڕۆژ  بەرز دەبنەوە و بێکاری بەپێی ئاماری خودی ڕێژیم نزیکەی ٢٦ لەسەدە.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی خودی ڕێژیمی ئیران، لە زستانی ساڵی ٩٧دا، بە ڕێژەی ٣٩.٥ لەسەد لە حەشیمەتی تەمەن ١٠ ساڵە و سەرووتر لە بواری ئابوورییەوە چالاک بوونە.

ئامارەکان دەرخەری ئەوەن، کە ئەو نرخە بە نیسبەت زستانی ساڵی ٩٦ی هەتاوییەوە، ٠/١ لەسەد بەرز بووەتەوە.

هاوکات بەپێی ئامارەکان، حەشیمەتی بێکاران لە ئێراندا بە پەیوەستبوونی ٦٩ هەزار کەس؛ گەیشتووەتە ٣ میلیۆن و ٢٢١ هەزار کەس.

نرخی بێکاریی لاوانی ١٥ هەتا ٢٩ ساڵە دەرخەری ئەوەیە، کە ٢٥.٥ لەسەدی چالاکانی ئەو گرووپە تەمەنییە، لە زستانی ساڵی ٩٧دا بێکار بوونە، کە ئەوەش بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوودا، ٠/٢ لەسەد بەرز بووەتەوە.

بێکاریی دەرچووانی زانکۆوەکان لە ئێراندا، یەکێکی دیکە لەو بابەتانەیە، کە بەردەوام ڕووی لە زیادبوونە و بەرپرسان هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە هەڵ ناگرن.

بەپێی ئەو ئامارەی لە بەردەستدایە، هەنووکە دەرچووانی زانکۆوەکان حەشیمەتێکی بەرچاو لە بێکارانی کۆمەڵگای ئێران پێک دێنن و ئاماری بێکارانی خاوەن بڕوانامەی کارناسی و سەرەوەتر لە ماوەی ٥ ساڵی داهاتوودا بۆ ٥ میلیۆن کەس بەرزتر دەبێتەوە.

بە وتەی کارناسان، بەڕێوەنەبردنی هاوتەریبی فێرکاریی تێئۆریک و پێداویستییەکانی بازاڕی کار، لەبەرچاونەگرتنی پێداویستیی کۆمەڵگا و بەشی خوێندنی خوێندەواران، بەڕێوەچوونی مێکانیزمی لۆکاڵی لە زانکۆوەکان، وەرگرتنی خوێندکاران بەبێ سەرنجدان بە بازاڕی کار و نەبوونی لێهاتوویی و بەکارهاتوویی خوێندکاران لە پیشە و کاری پەیوەندیدار بە بەشی خوێندنیان لە گرینگترین هۆکارەکانی بێکاریی دەرچووانی زانکۆوەکانی ئێران لە قەڵەم دەدرێت.